دوو هاووڵاتیی كورد لە زیندانی نەغەدە ئیعدام كران

20:09 - 11 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: دوو هاووڵاتیی كوردی خەڵكی دەرووبەری شاری شنۆ لە زیندانی ناوەندیی شاری نەغەدە ئیعدام كراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی كوردپا، ئەحمەد عەزیزیان كوڕی حاجی خەڵكی گوندی \"عەینەلڕۆم\"ی سەر بە ناوچەی \"دەشتەبیڵ\"ی شاری شنۆ و سامی عەباسپوور كوڕی حوسێن و خەڵكی گوندی \"سیلان\"ی سەر بە دەشتەبیڵ شەوی سێشەممە 10 لەسەر 11ی رەزبەر لە زیندانی شاری نەغەدە ئیعدام كراون.
\"7256.jpg\"
هەتا ئێستا لەلایەن ناوەندە قەزاییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە هۆكار و تاوانی ئەو دوو ئیعدام كراوە كوردە بە فەرمی رانەگەیەنراوە.

لە یەك مانگی رابردوودا شەپۆلێكی نوێ‌ لە جێبەجێ‌ كردنی حوكمی ئیعدام و دەركردنی سزای ئیعدام بۆ زیندانییان و هاووڵاتییانی ئێرانی دەستی پێكردووە كە ئەم شەپۆڵە ناوچە كوردنشینەكانیشی گرتەوە و لە زۆر حاڵەتدا هۆكاری ئیعدامی كەسەكان لەلایەن ناوەندە قەزاییەكانەوە رانەگەیەنراوە.