دوو هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە دەستبەسەركران

16:06 - 3 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شارەكانی مەهاباد و بۆكان دوو هاووڵاتیی كوردیان دەستبەسەر كرد، كە یەكێكیان هونەرمەندو مامۆستای قوتابخانەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢‌ی پووشپەڕ، \"سەیوان حوسێن‌پوور\"‌یان لەناو ماڵەكەی خۆیدا دەستبەسەر كردووە.

\"20730.jpg\"
سەیوان حوسێن‌پوور، وێنەگر و كاریكاتێریست كورد
هێزە ئیتلاعاتییەکان لەكاتی دەستبەسەركردنی ئەو وێنەگر و كاریكاتێریستە كوردەدا، ماڵەکەیان پشکنیووەو كامپیۆتێر، كتێب و چەند بەرهەمی هونەریی ئەو هونەرمەندەی خەڵكی شاری مەهابادیشیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەک لەهۆكاری دەستبەسەركردن و شوێنی راگیرانی سەیوان حوسێن‌پوور، لەبەر دەستدا نییە.

سەیوان، کە مامۆستای وانەی هونەری یەکێک لە قوتابخانەكانی شاری مەهابادە، لەئاستی نێودەوڵەتیشدا بەشداری لەچەندین پێشانگای وێنەگری و كاریكاتێریدا كردووە.

لەلایەكی دیكەوە هەواڵنێری كوردپا لەشاری بۆكان رایەگەیاند: رێكەوتی ٢‌ی پووشپەڕ سەعدی ئارامش كوڕی كەریم ئارامش، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لەشوێنی كارەكەی دەستبەسەر كرا.

ئەو هاووڵاتییە بۆكانییە لەناو دووكانەكەی خۆی (موبایل فرۆشی) لەشاری بۆكان سەرقاڵی كاسبی كردن بووە، کە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

یەكێک لە نزیكانی بنەماڵەی ئارامش لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری كوردپای رگەیان: مەئموورانی ئیتلاعات هاوكات لەگەڵ دەستبەسەركردنی سەعدی، بێ‌بوونی مۆڵەتی فەرمی ماڵی نابراویشیان پشكنیوە.

هۆكاری دەستبەسەركردنی ئەو هاووڵاتییە كوردەش بۆ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا روون نەبۆتەوە.

سەرەتای ئەم حەفتەیەش هێزە ئیتلاعاتیەكان لەشارستانی دێولان رامین حوسێن پەناهی، برای ئەنوەر حوسێن پەناهیان بانگهێشتی ئەو ناوەندە كردبوو، کە دەگوترێت بەرەوڕووی لێپرسینەوە و هەڕەشەی مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنیەی بۆتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی وەرزی بەهاری ئەمساڵدا ١١٠ هاووڵاتیی كورد لەناوچە كوردنشینەكانی ئێران دەستبەسەر كراون.