دوو هاووڵاتیی ناڕازی بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی لە شاری دیواندەرە دەسبەسەر کران

11:34 - 30 خەرمانان 2722

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی ناڕازی بە ناوەکانی "سۆران (زانیار)محەممەدیان تەمەن ٣١ ساڵ و "سمکۆ محەممەدیان" تەمەن ٣٥ ساڵ، خەڵکی شاری دیواندەرە، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتیی بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە برابوون و پاش دەسبەسەری بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و لە چارەنووسی ئەوان هیچ زانیارییەک بەدەست نەهاتووە.

هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە شارەکانی کوردستان، هاووڵاتییانی ناڕازی لە شاری دیواندەرە، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی، ڕژانە سەر شەقامەکان و لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، هاووڵاتییان دروشمی، "نەترسن نەترسن هەمووان پێکەوەینـ"ـیان  دا.

بە دەستێوەردانی هێزەکانی دژە شۆڕش و هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە توندوتیژی لێکەوتەوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان و هێزەکانی دژە شۆرش بە کەڵکوەرگرتن لە گوللەی ساچمەیی تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناڕازیی کردبوو و دەیان هاووڵاتیی بەهۆی تەقەی ئەو ‌هێزانەوە، بریندار کران.

 یەکێک لە هاووڵاتییانی ناڕازی بە قەتڵی حکوومەتی ژینا ئەمینی بە ناوی "موحسین محەممەدی" کوڕی خەلیفە مەسعوود خەڵکی شاری دیواندەرە کە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ئەو شارە، بە سەختی پێکرابوو، لە ناوەندی دەرمانیی شاری سنە، گیانی لەدەست دابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: سۆران و سمکۆ محەممەدیان