دوو هاووڵاتیی ناڕازی بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لە کرماشان کوژران

11:05 - 21 رەزبەر 2722

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ۲۰ی ڕەزبەر، دوو هاووڵاتیی ناڕازی به ناوەکانی "سینا نادری" و "ئارمین سەیادی"ٚ، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لە گەڕەکی "دەرە درێژ"ی کرماشان، بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان، گیانیان لە دەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو ناڕازییە بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەتییەکان لەجێدا گیانیان لەدەست داوە.

ئێوارەی ڕوژی چوارشەممە ۲۰ڕەزبەر، هاووڵاتییانی ناڕازی بە کۆنتڕۆڵکردنی شەقامەکان و دروشم دان لە هێندێک شوێن لە کرماشان، ڕژانە سەر شەقامەکان، کە ئەو ناڕەزایەتییە بە دەستێوەردانی هێزەکانی ئەمنییەتیی و دژەشۆڕش، توندوتیژی لێ کەوتەوە و لە ئەنجامدا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەتییەکان و هاووڵاتییانی ناڕازی هاتە ئاراوە و هێزه ئەمنییەتییەکان دەستیان بە تەقە کردنی ڕاستەوخۆ، لە هاووڵاتییان کرد.