دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد ئێعدام کران

13:49 - 3 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: زیندانی ورمێ جارێکی دیکە شاهێدی ئێعدامی دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد بوو کە بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی سڕکەر لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تاوانبار کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانیی دوێنێ ٢ی ڕێبەندان، دوو هاووڵاتیی دیکەی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەسێدارە دران.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەی بە ناوەکانی\"سینا حوسێن‌پوور\" تەمەن ٢٢ ساڵ و \"قەبل علی مەردانی\" خەڵکی ورمێ ڕاگەیاندووە.

بەپێی هەواڵی ئەو سەرچاوەیە، سینا ماوەی چوار ساڵە لە زینداندایە و لە بەندی لاواندا بووە و قەبل عەلی مەردانیش لە بەندی ١٤دا بووە.

مەردانی کە بە تۆمەتی کرێن و فرۆشتنی ٣٠٠ گرەم ماددەی هێرۆئین دەستبەسەر کرابوو، بە هۆی تووش بوون بە نەخۆشینی \"ئێم ئێس\" لە بێهداریی زینداندا لە ژێرچاوەدێری‌دا بوو.

هەر دوو زیندانی پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە ماددەی سڕکەر بە ئێعدام مەحکووم کرا بوون و ڕۆژی هەینی بۆ ژووری تاکەکەسی گوێزرابوونەوە.

مانگی ڕابردوو(بەفرانبار) حەوت هاووڵاتی لە زیندانە جیاوازەکانی شارەکانی کوردستاندا بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەر لەسێدارە دران.

ساڵی پار ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووەوە کە لە پاش چین، ئێران دووهەمین وڵاتە لە بواری ئێعدامدا.