دوو هاووڵاتیی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کران ئامانجی کردەوەی تێرۆریستی

21:50 - 10 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شاری کامیاران و دانیشتووی پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، بە هۆی دانانی بومبێک لە ماشینەکەیاندا، بە توندی بریندار بوون و بۆ ناوەندی دەرمانی گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەممە، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"سەلاح و سەباح ڕەحمانی\" خەڵکی شاری کامیاران، لە گەڕەکی بنەسڵاوەی شاری هەولێر کرانە ئامانجی بومبێکی چێندراو و بە توندی بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: ئەو بۆمبە لە نێو ماشینی کەسیی سەلاح ڕەحمانی دانرابوو، کە بە لێدانی ئیستارتی ماشینەکەی بۆمبەکە دەتەقێتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پاش تەقینەوەی بۆمبەکە لە ماشینی ناوبراو، سەباح ڕەحمانی بە توندی بریندار بووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سەلاح و سەباح باوک و کوڕن و ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانن.

ئەوە سەرچاوە ئاگادارە، هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر وەزارەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران چەندین جار هەڕەشەی کوشتنیان لە سەلاح ڕەحمانی بە هۆی چالاکی سیاسییەوە کردبوو.

ئەو دوو هاووڵاتییە هەنووکە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر کراون و لەژێرچاوەدێریی پزیشکی دان.

هەنووکە پولیسی ئاسایشی هەولێر، لە شوێنی ڕووداوەکە سەربارەت بە چۆنیەتی ڕوودانی ئەو ڕووداوە لێکۆڵێنەوە سەرەتاییەکانیانی دەست پێکردووە.