دوو هاووڵاتیی خەڵکی پارێزگای ورمێ ئێعدام کران

14:26 - 24 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شارەکانی ورمێ و ماکۆ، لە لایەن دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێرانەوە، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئێعدام کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد، خەڵکی شارەکانی ماکۆ و ورمێ لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە لە سێدارە دران.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە ناوەکانی \"خەلیل ئاگووش\" خەڵکی شاری ماکۆ، \"سوهەیل میربەخش\" خەڵکی شاری ورمێ ڕاگەیەندراوە.
دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"خەڵک کوشتن\" حوکمی قیساسی بۆیان دەر کردبوو.

خەلیل ئاگووش، لە ساڵی ٩١ و سوهەیل میربەخش، لە ساڵی ٩٣ـەوە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێدا ڕاگیرابوون و ڕۆژی ڕابردوو بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانە ژووی تاکەکەسی کرابوون.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ئەعزەم خەزایی\" خەڵکی گوندی \"پلنگرد\" سەر بە شاری شائاباد لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئێعدام کرا.

هەروەها، ڕۆژی دووشەممە ٣ی بانەمەڕ، چوار زیندانیی کورد، خەڵکی شارەکانی بۆکان، پیرانشار و ورمێ بە ناوەکانی \"تەیب شێخزادە، خەڵکی شنۆ، قادر محەممەدحەسەن خەڵکی بۆکان، یەدوڵڵا سەمەدی و ئیسلام ڕەشیدی خەڵکی ورمێ لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە سێدراە دران.

دەزگای قەزایی هەموو کاتێک، جێبەجێکردنی ئێعدامی وەکوو وانەیەک بۆ هۆشدارکردنەوەی تاوانباران پێناسە دەکات، بەڵام داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە هەمبەر ڕەهەندە نەرێنییەکانی ئێعدام بۆ سەر کۆمەڵگا هۆشدارییان داوە.