دوو هاووڵاتیی بلوچی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکان کوژران

14:32 - 25 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی پێنج ڕۆژدا ٤ هاووڵاتیی بلوچ، دوو کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان و دوو کەسێ دیکە بە زەربی چەقۆ بە شێوەی گوماناوای لە چەند شوێنی جیا جیا لە شاری زاهیدان سەر بە پارێزگای سیستان و بلوجستان کوژراون.

بە پێی هەواڵە بڵاوکراوەکان لە ڕێکەوتی ١٥ و ٢٠ ڕەشەمە، دوو کەس بە ناوەکانی محەممەد ڕیگی تەمەنی ٢٨ ساڵە و ئیحسان شەبەخش (یارمحمد زهی) لە گەڕەگی چوارڕیانی ڕەسووڵی و شەقامی خۆڕمشهر، بە تەقەی ڕاستەوخۆی مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانەوە دەکوژرێن.

کەمپینی چالاکانی بلوچیش لەو پەیوەندییەدا باس لە کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی پەرویز ناروئی تەمەن ١٣ ساڵە کوڕی خدا نەزەر دەکات کە بە زەربەی چەقۆ لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە.

هەروەها ئەو کەمپینە باس لە کوژرانی هاووڵاتییەکی دیکە دەکات کە هەتا ئێستا شوناسی ڕوون نەبووتەوە.

دوا بە دوای کۆتایی هاتنی شانۆ هەڵبژاردنەکان لە ئێران، هێزە ئەمنیەتییەکان شەپۆلێکی نوێیان لە گرتن و سەکوت کردنی خەڵکی ئێران دەستپێکردوە.