دوو مێرمنداڵ بوونە قوربانیی کار

13:25 - 16 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو مێرمنداڵی تەمەن ٧ و ١٠ ساڵان، لە شاری بێجنوردی خۆراسانی باکوور، بوونە قوربانیی کار و گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەشەممە، دوو مێرمنداڵی تەمەن ٧ و ١٠ ساڵان، کە بۆ یارمەتیدانی باوکیان لە کارگەیەکی بلووکسازی خەریکی کار دەبن، دەکەونە ناو میکسێر و گیانیان لە دەست دەدەن.

ئەو ڕووداوە لە یەکێک لە کارگەکانی سازکردنی بلووک، لە شاری بێجنورد ڕووی داوە و بووە هۆی گیان لە دەستدانی ئەو دوو مێرمنداڵە.

بەرپرسی ئاگرکوژێنەوە شاری بێجنورد ڕایگەیاند: تەرمەکانی ئەو دوو مێرمنداڵە کە شوناسیان ڕانەگەیندراوە، بە بڕینەوە دەزگای میکسێرکە دەرهێنراون.

كارناسانی كۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان كە هۆكاری سەرەكیی كاركردنی منداڵان، هەژاری و دەستەنگیی بنەماڵە، گرانی و نەبوونی كار بۆ سەرپەرستی بنەماڵەیە، كە منداڵان ناچار دەكات كار بكەن و لە نێو بازاڕیش تووشی چەندین كێشە و دیاردەی كۆمەڵایەتی دەبنەوە.

لە پێناسەی منداڵانی كاردا هاتووە: \"كاری منداڵ چالاكییەكی ئابوورییە، كە لە ڕێگەی ئەو كارەوە منداڵ دەخرێتە ژێر ئازاری جەستەیی، ڕۆحی و ڕەوانییەوە و ئەو كەسە لە خوێندنیش بەجێ ‌دەمێنێ‌\".

لە پێناسەی جیهانی و بەپێی ماددەی ١ی ڕێککەوتننامەی مافی منداڵان، \"منداڵانی کار\" بریتین: لەو منداڵانەی کە تەمەنیان لە ٥ ساڵ زیاترە و لە ١٨ ساڵیش کەمترە و زیاتر لە ١٤ کاتژمێر لە حەتوویەکدا کار دەکەن.

شاری بێجنورد ناوەندی پارێزگای خۆراسانی باکوورە، زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی ئەو شارە \"کوردی کرمانجـ\"ـن و بە زاراوەی \"کرمانجی سەرەوە\" دەدوێن.