دوو مێرمنداڵی بۆکانی بۆ ڕۆژی لە دایک بوونیان ١٠ کەویان ئازاد کرد

14:45 - 14 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بەشێوازێکی نوێ پەیامی ئاشتبوونەوە لەگەڵ سروشت لەلایەن دوو مێرمنداڵی بۆکانییەوە بە بۆنەی رۆژی لە دایکبوونیان، بە چالاکانی ژینگەپارێز و ژینگە دۆست درا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچ و کوڕێکی تەمەن ٩ و ١٠ ساڵ خەڵکی شاری بۆکان لە ڕۆژی لە دایکبوونیان بە نیشانەی ڕێزگرتن لە پەلەوەر و باڵندە کێوییەکان ١٠ کەویان ئازاد کرد.

شوناسی ئەو دوو مێرمنداڵە بە ناوەکانی\"ڕۆمینا\" و \"ماهان\" تەمەن ٩و ١٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو ڕێوڕەسمە ڕۆژی هەینی ١٢ی جۆزەردان بە هاوکاری ئەنجومەنی ژینگەپارێزی وڵات بەڕێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمی لە دایکبوونی ئەو دوو میرمنداڵەدا ڕۆمینا بە خوێندنەوەی شێعرێکی کوردی و ماهان بە پێشکەش کردنی چەند وتەیەک داوای لە ڕاوچییەکان کرد دەست لە ڕاوکردنی باڵندە و پەلەوەرە کێوییەکان هەڵبگرن.

ئەو دوو مێرمنداڵە پاش ئازاد کردنی ئەو ١٠ کەوە قەفەسەکانیشیان ئاگر تێبەردا.

چالاکانی ژینگەپارێزی، هەڵوێستی راوچییە کوردەکان کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئامادە بوون واز لە ڕاوکردن بهێنن، بۆ چالاکیی ئەنجومەنە خەڵکییەکان دەگەڕێننەوە.