دوو مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران

13:30 - 26 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو مامۆستای قوتابخانەکانی شاری سەقز، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەیدعەلی حوسێنی و سلێمان عەبدی دوو مامۆستای ناسراو و چالاکی مەدەنیی شاری سەقز، بە هۆی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی مانگرتنی مامۆستایانی قوتابخانە، لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.

ناوبراوان پاش لێکۆڵینەوە و هەڕەشە لێکردن ئازاد کراون، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا زیندانی بکرێن.

مامۆستا سەیدعەلی حوسێنی و مامۆستا سلێمان عەبدی، بە هۆی بەڕێوەچوونی نەورۆزی جامانەکان لە ئاوایی ئایچی سەقزدا هێشتا لە ژێر گوشاردان و ڕەوەندی دادگاییکردنەکەیان لەو بابەتەوە کۆتایی پێ نەهاتووە .