دوو لاوی کورد لە باکووری شاری حەما کوژران

15:19 - 27 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کورد خەڵکی شارەکانی سەردەشت و کرماشان لە باکووری شاری حەمای وڵاتی سووریە لە ڕیزی \"حرکت مهاجرین اهل سنت ایران\" کوژران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی \"هەژار کوڕی حەمید\" خەڵکی شاری ڕەبەت ناسراو بە \"جابانی کوردی\" و \"عەبدوڵڕەئووف\" خەڵکی کرماشان، لە ڕیز ی\"بزووتنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی سوننی مەزهەبی ئێران\" لە باکووری شاری حەما لە وڵاتی سووریەدا، کوژران.

بەپێی هەواڵەکان ئەو دوو لاوە کوردە مانگی ڕابردوو لە شەڕی و تێکهەڵچوون لەگەڵ گرووپی جیهادی ئیسلامییدا کوژراون.

موختار هوشمەند، چالاکی سیاسی کورد و شارەزا لە پرسی ئیسلامی سیاسی لە وتارێکدا، لە ژێرناوی \"مهاجرین اهل سنت ایران در سوریە چە می‌کنند؟ دەڵێت: بزووتنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی سوننی مەزهەبی ئێران لە شام یەکێک لەو گرووپانەیە، کە سەرەڕای چەند ساڵ چالاکی لە وڵاتی سووریە، زۆر نەناسراوە، هەڵبەتە ئەم ڕەوتە هەوڵی جیددیان بۆ خۆدەرخستن و بە میدیای کردنی ئامانج و بەرنامەکانیان نەداوە\".

ناوبراو دەڵێت: هەر چەند ڕێکەوتێکی دروست لە کاتی دامەزراندنی ئەم گرووپە لە بەردەستدا نییە، بەڵام ناونیشانەکان باس لەوە دەکەن کە لە نیوەی دووهەمی ساڵی ٢٠١٢ی زایینی ژمارەیەک لە جیهادییەکانی ئێرانی چوونە وڵاتی سووریە و بە جێگەی ئەوەیکە ببنە ئەندامی یەکێک لە گرووپە گەورەکان، لە دەروری یەکتر کۆبوونەوە و وێڕای هاوئاهەنگی لەگەڵ جبهەالنصرە و گرووپە جیهادییەکانی دیکە، کۆبوونەوەی تایبەتیان بۆ خۆیان پێکهێناوە، دواتر پاش جیابوونەوەی داعش و جبهەالنصرە لە یەکتر، ئەو گرووپە جیهادیە نەیتوانیوە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام بمێنێتەوە، چوون داعش ئیزنی چالاکی ئازادانەی بە هیچ یەک لە گرووپەکان نەدا و دەبووایە هەموویان لەگەڵ بەغدادی پەیمان ببەستن. ئەو کەسانەش ئامادەی پەیمان بەستن نەبوون بە تەکفیری و کوژرانیان بە حەڵاڵ زانرا.

بزووتنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی سوننی ئێران لە ساڵی ٢٠١٦ی زایینی لە کاتی جیابوونەوە لە ئەنساروئیسلام، ژمارەی ئەوان ١٥٠ کەس بوون و لە بازنەی گرووپی سەلەفی جیهادی جێیان گرتەوە و لە ڕوانگەی فیکری، زۆرتر بە گرووپی وەک ئەلقاعیدە، ئەنسارولئیسلام و جبهەالنصرە هاوشێوەیە، هێزی بزووتنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی سوننی ئیران لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جنهەالنصرە/ تحریری وڵاتی شام دایە، لەوێ بوون.

\"مەلا عەبدولڕحمان فەتاحی، خەڵکی ناوچەی\"موکریان\" لە پارێزگای ورمێ کە ڕۆڵی سەرەکیی لە بانگەشەی سەلەفیەتی جیهادی لە کوردستانی ئێران هەیە، ساڵانێکە بە شێوەی ئازادانە لە ڕێگەی منبەری مەزگەوتەکانەوە خەڵک لەگەڵ بیر و هزری ئەوان ئاشنا دەکات و بە یەکێک لە کەسە ناسراوەکانی بزووتنەوەی کۆچبەرانی خەڵکی سوننی مەزهەبی ئێران دەژمێردرێ.