دوو لاوی کورد بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان ڕەوانەی زیندانی مەریوان کران

14:01 - 9 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی دەسبەسەرکراوی خەڵکی مەریوان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان بۆ زیندانی ناوەندیی ئەم شارە گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش \"ئەمیر ئەرژەنگ\" و \"باست ئەفشار\" خەڵكی گوندی \"نێ\" سەر بە شاری مەریوان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کران.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، دادگای ئینقلابی مەریوان دوو لاوی کوردی بە تۆمەتی \"هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ڕێوڕەسمی نەورۆز\" هەر کام بە دوو ساڵ زیندان سزا دا.

ئەم دوو هاوڵاتییە کوردە، لە یەکەمین دادگاییدا بە ٣ ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەیان بۆ سیستان و بەلووچستان سزا درابوون، کە بە هۆی ناڕەزایەتیی دەربڕینیان بەو سزایەی کە بە سەریاندا سەپاوە، ئەم سزایە بۆ دوو ساڵ گۆڕدرا.

ئەم دوو لاوە کوردە، لە ڕێکەوتی ٢٤ی جۆزەردان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کران و بۆ ستادی خەبەری ئیتڵاعاتی سنە گوزرا بوونەوە.