دوو لاوی نەغەدەیی بە ١٧ ساڵ زیندان مەحکووم کران

15:12 - 2 بانەمەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، دوو لاوی خەڵکی شاری نەغەدە، سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوو، دادگای ئینقلابی شاری نەغەدە، \"لوقمان باڵەکی\" کوڕی \"عەلی\" بە ١١ ساڵ و \"ئیسلام مستەفا پوور\" کوڕی \'مامەند\" ،بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرد.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە پاییزی ساڵی ڕابردوودا لە شاری نەغەدە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە گرتووخانەی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگیرابوون.

لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا کە ئەو دوو هاووڵاتییە دەستبەسەر کرابوون بنەماڵەکانیان هیچ زانیارییەکیان لە سەرچارەنووسی کوڕەکانیان نەبوو، هەتا لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوو بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دەیانگوازنەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەدا ڕاگەیاند: لوقمان باڵەکی تەمەنی ٢٣ ساڵە و خەڵکی گوندی \"گەرگوولی خورا\" سەر بە شاری پیرانشار و خێزاندارە و هەروەها ئیسلام مستەفا پوور تەمەن ٢٦ ساڵە خەڵکی گوندی\"چیانە\"ی شاری پیرانشارە.

بەپێی ئەو هەواڵە کە بە دەست ئاژانسی کوردپا گەیشتووه، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، تەنانەت لە گرتنی پارێزەریش بێبەش کراون و ناوەندی خەبەری لە پرۆسەی دادگایەکەیان دەستێوەردان و هێزەی بەکار هێناوە و دوسیەکەیانی بە \"ئەمنیەتی\" زانیووە.

پێشتریش ئاژانسی کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە، مەئموورانی ئەمنییەتی لە شارەکانی مەریوان، میاندوئاو و بۆکان لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو دا ٨ هاووڵاتییان دەستبەسەر کردووە.

لە ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، ٧٣٤ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگاکانی کوردستانی ئێران دەستبەسەر کراون کە حوکمی زیندانی ٦٣ کەسیان بە فەرمی بڕاوەتەوە.