دوو شاعێری کورد وەکوو \"چهرەی\" شێعری جوانی کوردی لە کرماشان دەستنیشان کران

15:21 - 27 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: بە بەشداری ژمارەیەک لە خاوەنڕایانی بواری فەرهەنگ و وێژەی کورد، دوو شاعێری کورد خەڵکی شاری کرماشان و ئیلام وەکوو \"چهرەی\" شێعری جوانی کوردی هەڵبژێردران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە، بە بەشداری ژمارەیەک لە خاوەنڕایانی بواری فەرهەنگ و وێژەی کوردی لە ڕێوڕەسمێکدا \"خەڵاتی شێعری جوانی کوردی\" لە نووسینگەی حەوتوونامەی \"دەنگی ئازادی\" لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا، محەممەد مورادی نەساری خەڵکی شاری ئیلام و محەممەد جەواد جەلیلیان خەڵکی شاری کرماشان وەکوو دوو \" چهرەی\" شێعری جوانی کوردی هەڵبژێردران و ڕێز لە چالاکییەکانی ئەو دوو شاعێرە کوردە لە بواری فەرهەنگ و وێژەی کورددا، گیرا.

جەلیل ئاهەنگ نێژاد، بەڕێوەبەری حەوتوونامەی \"دەنگی ئازادی\" سەبارەت بەو ڕێوڕەسمە لە لاپەڕەی فەیسبووکی شەخسی خۆیدا نووسیوویەتی: \"ڕێوڕەسمێکی گەورەبوو، یەکەمین خەڵات، یەکەمین ڕێزلێنان یان یەکەمین ڕێوڕەسمی ناساندنی \"نادەوڵەتی\" ڕوخساری جەوانی شێعری کوردی لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو\".

ناوبراو هەروەها نووسیوویەتی: \"بەشداری بەرچاوەی زۆربەی کەسایەتییە بەرچاوەکانی بواری وێژەی کوردی لە شاری کرماشان لەو ڕێورەسمەدا نیشانەی هاودڵی و هاوڕێی ئەو خێلە خۆشەویستەیە و هەنگاوێکی قورس و فراوانە دیکەیە هەتا وێژەی ئەو ناوچە کەونارایە بە بەرهەمی زیاتر درێژە بە ژیانی شیرینی خۆی بدات. خۆشحاڵم کە دواڕۆژی وێژەی کوردی بە بەشداری لاوانی بە توانای وەک: محەممەد جەواد جەلیلیان و محەممەد مورادی ئەنساری ڕوونتر لە ئەمڕۆ دەبێت\".