دوو شاخەوانی ئیلامی لووتکەی کلیمانجارۆیان بڕی

15:31 - 13 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو شاخەوانی کورد ئەندامی ئەنجومەنی شاخەوانیی شاری ئیلام توانیان شاخی کلیمانجارۆی وڵاتی ئافریقا بە سەرکەوتوویی ببەزێنن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری ئیلام بە ناوەکانی\"ئیرەج ڕەجبی و نێعمەت تەقی پوور\" توانییان بەرزاییەکانی لووتکەی شاخی کلیمانجارۆی وڵاتی ئافریقا ببڕن و بگەنە لووتکە.

شاخی کلیمانجارۆی وڵاتی ئافریقا ٥٩٨٥ میتر بەرزە و یەکێک لە چیا بەرزەکانی جیهان بەئەژمار دێت.

ئەنجومەنی شاخەوانیی شاری ئیلام، ناوەندێکی ناحکومیی و ناسیاسیە و بە شێوەی سەربەخۆ کار دەکات.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە سەر گیرفانی خۆیان بۆ بەزاندنی شاخی کیلمانجارۆی وڵاتی ئافریقا ڕۆیشتبوون و لەلایەن هێچ ناوەندێکی حکوومەتییەوە پشتیوانییان لێ نەکراوە.

هەروەها، هاوینی ئەمساڵ، ٣٤ کەس لە ئەندامانی شاخەوانیی ئیلام لەسەر گیرفانی خۆیان شاخی \"ئاراگاتس\"ی وڵاتی ئەرمەنستانیان بڕیوە.