دوو زێڕینگەری تیکابی لە رێگەی تاران تاڵان کران

14:08 - 26 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری تیکاب کە بە مەبەستی مامەڵە کردنی زێر ویستبوویان روو لە تاران بکەن، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوە، هیڕشیان کرایە سەر و بە زەبری چەقۆ و هەڕەشەی کوشتن، تاڵان کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژاسنی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە رۆژانی رابردوودا دوو زێڕینگەری خەڵکی شاری تیکاب بەناسناوەکانی \" کەریمی و حەبیبی\" لە رێگەی تیکاب بۆ تاران لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە بڕی ٥٠ میلیۆن تمەن پارەی نەخت و دوو کیلۆ زێڕیان لێ ئەستێندرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە زەبری چەقۆ بەتوندی بریندار کراون و هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری تیکاب لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دان.

هەروەها لە سەرەتای مانگی رابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەی پاوە کە لە شاری تاران سەرقاڵی کرێکاری بوو لەلایەن چەند کەسێکەوە بە مەبەستی دزینی پووڵ و پارەکەی رێفێندرا و دواتر بە زەبری چەقۆ گیانی لێ ئەستێندرابوو.

چالاکانی کۆمەڵایەتی \"هەژاری، بێکاری و ماددەی هۆشبەر\" بە سێ هۆکاری سەرەکیی دزی کردن لە قەلەم ئەدەن و نەبوونی هەلی کار و زیاد بوونی رێژەی هەژاری لە وڵاتی ئێران و هەروەها بەردەمایی گەرمارۆ نێودەوڵەتییەکان، بوونەتە هۆکاری ئەوەی کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەی تاوانکاری لەو وڵاتە روو لە زیادبوون بکات.