دوو زیندانی سیاسی کورد لە ترسی سپای پاسداران بەرامبەر بە حوکمەکەیان ناڕەزایەتی دەرنابڕن

15:21 - 9 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسی کورد خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران لە دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بەرامبەر بە حوکمەکەیان ناڕەزایەتی دەرنابڕن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی\"تاهیر خورشیدی\" و \"فاروق شاروێرانی\" لە ترسی دۆسیەسازی سپای پاسداران ئامادە نین بەرامبەر بە حوکمەکەیان ناڕەزایەتی دەرببڕن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە بەبێ هیچ چەشنە ناڕەزایەتییەک سەبارەت بە حوکمەکەیان بۆ زیندانی شاری کرمان دوورخراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها دەڵێت: دەستێوەردانەکانی سپای پاسداران لە دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران هۆکاری سەرەکیی دەرنەبڕینی ناڕەزایەتی ئەو دوو زیندانییە کوردە بۆ بڕینەوەی حوکمەکەیان بووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو ئەو دوو زیندانییە سیاسییەی خەڵکی شاری شنۆ لە زیندانی ورمێ بۆ زیندانی کرمان دوورخرانەوە.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە لەگەڵ ئەمیر پەیغامی، ڕۆژی پێنجشەممە ١٤ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لەلایەن دادگای نیزامی ورمێ‌وە بە گشتی بە ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی کرمان مەحکووم کران.

بەپێی ئەو حوکمە کە ڕۆژی شەممە ٢٥ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو بە پارێزەرەکانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە، تاهیر خورشیدی بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری، ئەمیر پەیغامی بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری و فاروق شاروێرانیش بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران. دادگای نیزامیی ورمێ ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کردووە.