دوو زیندانیی کورد لە ئیسفەهان و ورمێ لەسێدارە دران

20:37 - 1 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارە درانی دو وهاوولاتیی کورد لەلایەن دەزگای قەزایی حکوموەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی ورمێ و ئیسفەهان جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەپرسانی زیندانی ورمێ سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، زیندانییەکی کوردیان بەناوی نوورەدین سەعیدی و تەمەن ٣٥ ساڵ لەسێدارە دا.

ئەو زیندانیەی کوردە، کە ماوەی ٥ ساڵ لە زیندانی ورمێ لە دەستبەسەریدا بوو، بە تۆمەتی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان حوکمی لەسێدارە دانی بۆ بڕابوویەوە.

نوورەدین سەعیدی خەلکی گوندی \"باڵوو\"ی سەربە بەخشی مەرژەزیی ورمێ بووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕیکەوتی ١ی رێبەندان، هاوولاتییەکی کوردی خەڵكی شاری بۆکان بەناوی سلێمان ئەحمەدنەژاد و کوڕی حوسین، لە زیندانی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە درا.

ئەو هاووڵاتییە کوردەش لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە \"بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان\" تۆمەتبار کرابوو.

سلێمان ئەحمەدنەژاد دانیشتووی گەڕەکی \"میراوا\"ی شاری بۆکان بووە، کە لە سێ ساڵ پێش ئێستاوە لە زیندانی ئیسفەهان بە سێدارە مەحکووم کرابوو.

بەپێی یاسای سزادانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بەرەهمهێنان، قاچاخ یان گواستنەوەی ٥ کیلۆ تریاک یان زیاتر و ٣٠ گرەم یان زیاتر هیرۆیین، مۆرفین، یان هەر ماددەیەکی هۆشبەری دیکەی شیمیایی وەکوو شیشە، بەرەوڕووی حوکمی لەسێدارە دران دەبنەوە.