دوو زیندانیی کورد لە زیندانی شاری سنە دەستیان دایە مانگرتن

14:02 - 8 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی گرتووخانەی ئەو شارە، بە شێوەی فەرمی مانگرتنی خۆیان لە خواردن ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام لەگەڵ براکەی ئەفشین لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە مانیان لە خواردن گرت.

ئەو دوو برا چالاکە سیاسی و مەدەنییەی کورد، لە هەمبەڕ حوکمی ئێعدام بۆ ڕامین بە نیشانەی دەربڕینی ناڕەزایەتیی لەو حوکمە ڕۆژی شەممە ٧ی ڕێبەندان، مانیان لە خواردن گرت، ئەو دوو زیندانییە کوردە لە نامەیەکدا بە شێوەی فەرمی مانگرتنی خۆیان لە خوارن بە بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگەیاند.

دادگای ئینقلابی شاری سنە لە حوکمێکدا، ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام کرد. ئەو حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان بە ناوبراو ڕاگەیندراوە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تۆمەتی \"هەواڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و ئەندامبوون لە کۆمەڵە\" و هەروەها \"هەڵگرتنی چەک و شەڕ و تێکەڵچوونی نیزامیی\" تاوانبار کرابوو، ناوبراو تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردبووە و بەبێ بنەما و تەنیا سناریۆی سازیی وەزارەتی ئیتلاعات\" ڕاگەیاندووە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری و پارێزەری دۆسیەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد، بە ئاماژە کردن بە حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: دادگای ئینقلابی شاری سنە بۆ دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین پشتی بە بەڵگەکانی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات بەستووە و ئەوە لە حاڵێکدایە کە لە کاتی لێکۆڵێنەوەکان، ڕامین لە بوونی پارێزەر بێبەری بووە\".

ڕۆژی چوارشەممە ٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سەعیدی\" ئەفشین حوسێن‌پەناهی بە تۆمەتی \"بەڕێوەبردنی ڕێوەڕەسمی نەورۆز و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" بە ٨ ساڵ و نیو زیندان مەحکووم کردووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە، پیشینەی هاوکاریی لەگەڵ ناوەندەکانی ژینگەپارێزی هەیە و لە ساڵ ٩٠ی هەتاوییەوە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە دژی نیزام\" بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرابوو.