دوو زیندانیی کورد بۆ زیندانی شاری کرمان دوور خرانەوە

14:34 - 3 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی کورد، کە لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ زیندانی بوون، بۆ زیندانی کرمان دوور خرانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕێبەندان، \"تاهیر خورشیدی و فاروق شاروێرانی\"، دوو زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆ، لە گرتووخانەی شاری ورمێ بەند کرابوون، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری کرمان دوور خرانەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەمیر پەیغامی یەکێکی دیکە لە زیندانییانی کوردە، کە بە دوورخرانەوە بۆ زیندانی شاری کرمان مەحکووم کرابوو، بەڵام بە هۆی باش نەبوونی باری تەندروستیی ناوبراو، هەتا ئێستە دوور نەخراوەتەوە.

ئەو سێ زیندانییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ١٤ی سەرماوەزی ئەمساڵ، لە لایەن دادگای نیزامیی شاری ورمێ، بە کۆ ١٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی شاری کرمانیان بۆ بڕاوەتەوە.

بەپێی ئەو حوکمە، کە ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز، بە پارێزەرەکانی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە، تاهیر خورشیدی بە ٧ ساڵ زیندانی تەعزیری، ئەمیر پەیغامی بە ٤ ساڵ و فاروق شاروێرانیش بە ٤ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون. دادگای نیزامیی شاری ورمێ، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" تاوانبار کردبوو.

ئەمیر پەیغامی تەمەن ٢٨ ساڵ و تاهیر خورشیدی تەمەن ٢١ ساڵ، جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران، لە شاری شنۆ دەسبەسەر کران و فاروق شاروێرانی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.