دوو زیندانیی سیاسیی بەلووچ بە برینداری ڕاگیراون

15:08 - 29 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی ئەمنییەتیی و قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە ٨ مانگە دوو چالاکی سیاسی بەلووچیان بە برینداری زیندانی کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو چالاکی بەلووچ بە ناوەکانی محەممەد شەبەخش ٣٣ ساڵە و ئیسماعیل محەممەد زهیی ٢٣ ساڵە، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە بریندار کراون و ئێستا لە گرتووخانەی ناوەندیی زاهیدان ڕاگیراون.

ئەو زیندانیانە ٨ مانگ بەر لە ئێستا لە ناوچەی سنووریی میرجاوە دراونەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە پشتێنە بەرەوخوار بریندار کراون.

ئەو هاووڵاتییە بەلووچانە، سەرەڕای ڕاگیرانیان لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی زاهیدان و گواستنەوەیان بۆ گرتووخانەی گشتی، لە هەرچەشنە چاوپێکەوتنێکی بنەماڵەکانیان و تەنانەت پێوەندیی تەلەفوونی بێبەش کراون.

چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێراندا، بڵاویان کردەوە کە بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە دۆخ و هەلومەرجی منداڵەکانیان بێ‏ئاگان و بە بەردەوامی لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەرەوڕووی ئەزیەت و ئازار بوونەتەوە.

سەبارەت بەو دوو هاووڵاتییە، ڕاگەیەندراوە کە ناوبراوان ٤ مانگ لە ئیتلاعاتی سپا ڕاگیراون و بە توندی ئەشکەنجە کراون هیچ پێڕاگەیشتنێکی پزیشکییان بۆ نەکراوە.