دوو راوچی ئیسپانیایی لە ئیلام دەستبەسەر کران

21:52 - 14 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپاریزیی ئیلام، ٤ کەس، کە ٢ کەسیان خەڵکی وڵاتی ئیسپانیان، دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دوو هاوڵاتی ئیسپانیایی لە لەناوچە پارێزراوەکانی \"بینا\"ی ئوستانی ئیلام لەحاڵی راوکردنی \"خشۆکە دەگمەنەکان\" بوون، دەستبەسەر کراون.

مەئموورانی ئیدارەی ژینگەپاریزیی ئیلام، لەماوەی ٣ رۆژی رابردوودا بەشوێن ئەو دوو هاوڵاتییە ئیسپانیاییەدا گەڕاون کە هاوڕێ لەگەڵ دوو هاوڵاتی خەڵکی ئوستانی \"ئەراک\" لەو ناوچەیە خەریکی راوکردنی خشۆکەکان بوون.

راگەیاندنەکانی سەر بەحکوومەت بەبێ ئاماژەدان بە شووناسی کەسانی سەرپێچی کار، هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو ٤ هاوڵاتییەیان بۆ \"بەزیندوو گرتنی خشۆکەکانیان\" لەو ژینگە سروشتییە گەڕاندووەتەوە.

ئەو دوو هاوڵاتییە ئیسپانیاییە لەکاتی دەستبەسەرکرانیان لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ژینگەوە بێ ئاگایی خۆیان بەنیسبەت یاساکانی ئەو ناوچەیە دەربڕیوە هەواڵدەریی \"ئیسنا\"ش رایگەیاندووە کە سەرپێچی کاران رادەستی ناوەندە قەزاییەکان کراون.

لەکاتی دەستبەسەرکرانی ئەو ٤ کەسەدا چەندین جۆر خشۆک لە جۆری بۆق، مار و سووسمار کە لەلایەن ئەوانەوە راوکرابوون، دۆراوەتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە.

ناوچەی پارێزراوی \"بیتا\" کە رووبەرەکەی ٥٠ هەزار هیکتارە لە بەخشی \"چوار\"سەر بە ئوستانی ئیلام هەڵکەوتووە و وەکوو باقی ناوچە پارێزراوەکانی دیکەی کوردستان بەدەست راوی لەڕادەبەدەر کە زۆربەیان لەناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە روی تێدەکەن، دەناڵێنێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ئیلامەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتییانە بەتایبەت دوو هاووڵاتیی بەیانی، جۆرێک پڕوپاگەندەی ناوەندە حکوومەتییەکانی ئیلامە کە دەیانهەوێ کەمتەرخەمیی خۆیان داپۆشن و ئەمەش بەجۆرێک لە جۆرەکان شانتاژ کردن لە قەڵەم ئەدرێت\".