دوو دەسبەسەرکراوی کورد، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە گوازرانەوە

14:57 - 22 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"کاوان مەحموودیان\" و \"نەعیم ئەحمەدپوور\" خەڵکی گوندی \"تەنگیسەر\" لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

کاوان مەحموودیان، لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ماوەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگیرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەو ماوەیەدا، تەنیا جارێک لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفۆنی هەواڵی دەسبەسەرکرانی بۆ بنەماڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە \"نەعیم ئەحمەدپوور\" کە بە هۆکارێکی نادیار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، پاش ٢٠ ڕۆژ ڕاگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گوازرایەوە.

بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە کوردە، ‌ئاگادار نەبوونی خۆیان لە بەڕێوەچوونی دادگایی کردنی کوڕەکانیان دەربڕیوە؛ چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.