دوو خوێندکاری کورد لە تاران دەستبەسەر کران

16:17 - 28 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: زەخت و فشارەکان بۆ سەر چالاکانی مەدەنی کورد لەئێران و لە شاری تاران قۆناغێکی تازەی بە خۆیەوە بینیوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەئموورانی ئەمنیەتی حکوومەتی ئیسلامی ئێران هێرشیان کردووەتە سەرخوابگای خوێندکاران لە تاران و بە شکاندنی قوفڵی دەرگاکە، دوو خوێنداکاریی کوردی کچ و کوڕیان دەستبەسەر کردووە.

دەستبەسەرکردنی ئەو دوو خوێندکارە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو رووی داوە و تێیدا لانی کەم ٥ خوێندکار دەستبەسەر و کەلوپەلەکانیشیان زەوت کراون.

\"28673.jpg\"
مێهرەبان کەشاوەرز
هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا رایگەیاندووە، یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکان ناوی \"مێهرەبان کەشاوەرز\" خەڵکی مەریوان و خوێندکاریی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی تاران بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا سیامەک مەلائەحمەدی کوڕی تاهیر خەڵکی مەهاباد شوناسی یەکێکی دیکە لە دەستبەسەر کراوەکانە.

مەلا ئەحمەدی خوێندکاریی بەشی \"ئەندازیاری بەرقی موخابرات\" لە زانکۆی خواجەنەسیری تووسی بووە.

حوسێن جەندەقیان، کیانا(دیدار) کەریم پوور، سپێهدار ساحبان ناوی ئەو سێ خوێندکارەی دیکەی تاران و کەرجن کە هەتا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنیان روون نەبووەتەوە و لە گرتووخانەی ئێوین راگیراون.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا چالاکێکی دیکەی مەدەنیی کورد بە ناوی فەرهاد عەلیزادە لە ورمێ دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ئێوین کرابوو، هەروەها مەحموود ساڵحی لە چالاکانی کرێکاری کوردستانیش بە ٩ ساڵ زیندان حوکم دراوە.