دوو خوێندکاری کورد بە دانانی وەسیقە ئازاد کران

13:55 - 27 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو خوێندکاری دەسبەسەرکراو لە زانکۆی شیراز بە دانانی وەسیقە، بەشێوەی کاتی ئازاد کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو کەس لەو سێ خوێندکارە کوردەی بەشی عومرانی زانکۆی شیراز، کە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرابوون، بە دانانی وەسیقەی ٣٠ میلیۆن تمەنی هەتا کاتی دادگایی کردنیان بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

کوورش حەقیقی کوڕی محەممەد خەڵکی شاری بۆکان و شەماڵ خوسرەوی کوڕی حسەین خەڵکی شاری سەقز لە گرتووخانەی ئیداری ئیتلاعاتی شاری شیراز بە دانانی وەسیقەی ٣٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: یەکێک لەو سێ خوێندکارە کوردە بە ناوی\"حیسام ڕەشید زادە\" خەڵکی شاری بۆکان، هێشتا لە زینداندایە و چارەنووسی ناروونە.

هەرچەند کاتی دادگایی کردنی ئەو دوو خوێندکارە کوردە دیاری نەکراوە، بەڵام بە دانانی وەسیقە لە حاڵی حازر بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

ئەو سێ خوێندکارە، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانبار، لە شاری شیراز لە کاتی خۆپیشاندانە خەڵکییەکان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون؛ زۆربەی خوێندکارانی دەسبەسەرکراو دوور لە زانکۆ و هەروەها ژمارەیەک لەو خوێندکارانە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەسبەسەر کراون.

لینکی پێوەندیدار:
چارەنووسی سێ خوێندکاری کوردی دەسبەسەرکراو لە شیراز ناڕوونە