دوو جێگری شارەوانیی سنە بە تۆمەتی گەندەڵیی ماڵی دەستبەسەر کران

19:53 - 11 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: گەندەڵیی ئیداری و ئاشکرابوونی گەندەڵیی میلیاردی لە شارەوانیی سنە، دەستبەسەرکرانی دوو کەس لە جێگرانی پێشووی ئەو شارەوانییەی لێکەوتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مەئموورانی دەزگای قەزایی لە شاری سنە، بە مەبەستی بەدواداچوونی دۆسیەی گەندەڵیی میلیاردی لە شارەوانیی ئەو شارەدا، چەند کەسێکیان دەستبەسەر کرد.

دوو جێگری پێشووی شارەوانیی شاری سنە، بە بڕیاری دەزگای قەزایی شاری سنە دەستبەسەر کراون.

سەرچاوەکان لە شاری سنە باس لەوە دەکەن، لە ئەنجامی \"هەوڵی ئەندامانی شۆرا\" و \"بەدواداچوونی رێکخراوەکان\"دا لەمەڕ گەندەڵیی میلیاردی لە شارەوانیی سنەدا ئەو کەسانە دەستبەسەر کراون.

بودجەی ساڵی ١٣٩٣ی شارەوانیی سنە، زیاتر لە ١٤٠ میلیارد تمەن خەمڵێندراوە.

کوردنیووز وێڕای ئاماژە کوردن بەو هەواڵە، باسی لە دەستێدا هەبوونی چەند بەرپرسێکی ئوستانی لەو گەندەڵییەدا کردووە و داوای کردووە ئەو پرۆسەیە بۆ رای گشتی روون بکرێتەوە.

\"22981.jpg\"
شارەوانیی سنە ٢٣٠٠ پێرسونێلی هەیە
هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو جێگرەی پێشووی شارەوانیی سنە ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئەو گەندەڵییە لە ماوەی دو ومانگی رابردوودا ئەنجام دراوەو ئاشکراش بووە.

شارەوانیی سنە، ساڵی ١٣٠٠ بە بودجەیەکی هەزار قڕانییەوە دامەزراو هەتا ئێستا ٤٤ بەرپرسی گۆڕیوە و لە ئێستادا شارەوانیی سنە ٢٣٠٠ پێرسونێلی هەیە.

بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەکاتێکدایە، کە بەرپرسی گشتیی دیوانی پێداچوونەوەی ئیداریی ئوستانی کوردستان باسی لە دابەزینی نزیک بە سەدا سەدیی بەوتەی خۆی \"لادانی ماڵی\" لە دەزگاکانی ئیجراییدا کردبوو.

حەسەن رۆحانی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا جەختی لە بنبڕ کردنی گەندەڵیی ئیداری کردبوویەوەو لە ماوەی ١٥ مانگی رابردوودا چەندین هەواڵ لەمەڕ گەندەڵیی لە ناوەند و ئیدارە دەوڵەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی لە کوردستاندا بۆ ئاژانسی کوردپا نێردرابوون، کە بە چەندین هۆکار بڵاو نەکرانەوە.

رێکخراوی \"روونکردنەوەی نێونەتەوەیی\" لە ئاڵمان، لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، وڵاتی ئێران لە نێو ١٧٧ وڵاتدا لە بواری گەندەڵیی ماڵییەوە پلەی ١٤٤ی لە ئاستی جیهاندا هەبوو، کە بە بەراورد لەگەڵ سالی ٢٠١٢ی زایینی ١١ پلە دابەزینی بەخۆیەوە بینیبوو.