دوو بەندکراوی کورد بۆ گرتووخانەی \"دەریا\" لە شاری ورمێ گوێزرانەوە

20:11 - 20 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو بەندکراوی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی مەتین خزری و حوسێن ئەحمەدپوور کە ڕۆژی ٢٤ی مانگی خەزەڵوەر دەستبەسەر کراون، لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی شاری \"ورمێ\"وە بۆ گرتووخانەی ناوەندیی ئەو شارە گوازرانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو دوو بەندکراوە دوای دەستبەسەرکرانیان ماوەی ١٤ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ڕاگیران و دواتر بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوازرانەوە، دوای ٣٨ ڕۆژ ڕاگیرانیان لە ئیتلاعاتی ورمێ، دواجار بۆ گرتووخانەی ناوەندیی شاری ورمێ بە ناوی \"دەریا\" گوێزرانەوە.

ئەو دوو گیراوە کوردە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەستبەسەر کراون.

هاتە ڕاگەیاندن کە مەتین خزری لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٧ و حوسێن ئەحمەدپوور لەدایکبووی ١٣٦٩ی هەتاوییە و تا ئێستاش لە مافی بوونی پارێزەر بۆ دۆسییەکەیان بێبەش کراون.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەیسەدا، عەبدوڵڵا مەحموودزادە و هاشم قودرەتی ، خۆسرۆ عەبدوڵڵا بێگی و دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی کاوە و مۆرتەزا، دەستبەسەر کرابوون کە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کران.