دوو برا پاش ئەوەی لە هەرێمی کوردستان گەڕانەوە، دەسبەسەر کران

15:13 - 17 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی شەممە ١٦ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە ناوەکانی \"عەزیز و ئامانج ڕەشیدی\" کە برا بوون، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووتە سەر ماڵی باوکی ئەو دوو هاوووڵاتییە کوردە و ناوبراوانیان دەسبەسەر کردووە.

عەزیز ٢٧ساڵە و ئامانج ٢٩ساڵە، ماوە ١٠ ڕۆژ بەڕێوەبەری پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە لە پاڕێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بوون و پاش گەڕانەوە بۆ ئێران، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

دەوترێ، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی دەسبەسەریدا لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بێڕیزیان پێ کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.