دوو برا خەڵکی شاری کامیاران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران

15:07 - 18 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری کامیاران، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە دەسبەسەر و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"سەیوان و کامیار کەمانگەر\" کوڕی سلێمان خەڵکی شاری کامیاران لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری پاوەوە دەسبەسەر کراون.
ئەو دوو برایە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە ڕاگوێزراون و هەتا ئێستا لە گرتووخانە لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

یەکێک لە نزیکانی ئەو دوو برا کامیارانییە بێ‌ئاگایی خۆی لە مەڕ هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە دەبڕیوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سەیوان و کامیار کەمانگەر لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی \"شارام فەڕ\"ی شاری سنەدان.

هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ١٦ی گەلاوێژ، وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک باسی لە دەسبەسەر کردنی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"هوشمەند عەلیپوور\" خەڵکی شاری سەردەشت و \"محەممەد ئوستا قادر\" خەڵکی شاری سەقز کردبوو.