دوو برای خەڵکی مەهاباد بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کران

01:34 - 1 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو برای خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ دادگای ئینقیلابی شاری مەهاباد هونەرمەندێکی خەڵکی ئەو شارەی بەناوی \"فارووق سامانی\" بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکوم کرد.

هاوکات برای فارووقی سامانی بە ناوی \"فەرزاد سامانی\" بە نۆ مانگ زیندان سزا دراوە.

\"16260.jpg\"
فارووق سامانی،هونەرمەند خه‌ڵکی شاری مه‌هاباد
دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد تاوانی ئەو دوو برا کردەی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام و هەروەه اهاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، راگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فارووق سامانی کە سەرەتای مانگی رەشەمەی ساڵی ٩١ لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی چالاکانی رۆژنامەنووسی و فەرهەنگیدا دەستبەسەر کرا، لە ساڵانی پێشتریش‌دا چەندین جار زیندانی و ئەشکەنجە کراوە.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، ئەو هونەرمەندە کوردە ماوەی چەندین مانگ لە ژوورەکانی تاکەکەسی زیندانەکانی ئیتلاعاتی ئورمیە و مەهاباد راگیراوە و دادگای مەهاباد بە فەرمی ئەو حوکمەی بە پارێزەرەکەی \"ئەژدەر پەنجە ئازەر\" راگەیاندووە.

فارووق سامانی یەکێک لە هونەرمەندانی کورد لە بواری هونەری نیگارکێشی و \"ئەنیمەیشێن\" دایە و هەتا ئێستا چەندین بەرهەمی ناوازەی ئەنیمەیشێنی خولقاندووە.