دووەمین كۆنفڕانسی ژینۆسایدی گەلی كورد بەڕێوەدەچێت

16:14 - 6 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: لەلایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات و نیشتەجێی هەرێمی کوردستانەوە، دووەمین کۆنفڕانسی ژینۆسایدی گەلی کورد بەڕێوە دەچێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژانی داهاتوودا دووەمین کۆنفڕانسی ژینۆسایدی گەلی کورد، لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کورد، دەست بەکارەکانی خۆی دەکات.

\"14946.jpg\"
عەبدولڕەحمان بەربەری،بەڕێوەبەرەی کۆنفڕانسی ژینۆسایدی کورد
عەبدولڕەحمان بەربەری لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، \" كۆنفڕانسی دووەمیش هەموو بەشەكانی كوردستان لە خۆی دەگرێت، بەڵام لەم كۆنفڕانسەدا زیاتر باس لەسەر كۆمەڵكوژی و ڕەشەكوژیی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و رۆژئاوا دەكرێت و لەسەریان دەدوێین\".

ئەو بەڕێوەبەرەی کۆنفڕانسی ژینۆسایدی کورد ئەوەشی خستەڕوو، \"ئێمە وەكوو گەلی كورد ساڵانێكی دوور و درێژە بەرەو ڕووی كۆمەڵكوژی بووینەتەوە و هەرئێستاش ژینۆساید لەسەر گەلەكەمان بەردەوامە\".

عەبدولڕەحمان بەربەری ئاماژەی بەوەش کرد، هەتا ئێستا لە ئاست ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا لەسەر ژینۆسایدی کوردستانی رۆژهەڵات بەشێوەیەكی بەرچاو كاری بۆ نەكراوە، هەر بۆیە پێویستە ئەم كەیسە بگەیەنینە ڕێكخراوە نێو دەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و كاری لەسەر بكەین، چونكە تاكوو ئێستاش كۆماری ئیسلامی لە كوردستان نەتەوەی كورد ژینۆساید و قڕ دەكات\".

ناوبراو لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، \"پێویستە رۆژێکی تایبەت وەکوو رۆژی ژینۆسایدی گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات دیاری بکرێ و بە فەرمی بناسرێت.

لە کۆتایی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا یەکەمین کۆنفڕانسی ژینۆسایدی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە شاری قەڵادزێ بە ئامادەبوونی کۆمەلێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات، بەڕێوەچوو.