دووەمین فێستیڤاڵی ئاواز و مۆسیقای رەسەنی ناوچەیی لە جوانڕۆ بەڕێوە چوو

21:05 - 18 بانەمەڕ 2712
كوردپا: دوو ئەنجومەنی فەرهەنگی، ئەدەبیی \"خانای قوبادی و مەولەوی\" لە شاری جوانڕۆ بە هاوكاریی یەكتر دووەمین فێستیڤاڵی ئاواز و مۆسیقای رەسەنی ناوچەییان بەڕێوە برد.

بەپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی \"خانای قوبادی\" لە شاری جوانڕۆ و یەكێك لە بەڕێوەبەرانی دووەمین فێستیڤاڵی مۆسیقای رەسەنی ناوچەیی لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی كوردپا وتی: \"دوو ئەنجومەنی فەرهەنگی، ئەدەبیی چالاكی شاری جوانڕۆ، واتە ئەنجومەنەكانی \"خانای قوبادی و مەولەوی\" بە مەبەستی ئاشنا كردن و ناساندنی فەرهەنگ و فۆلكلۆری نەتەوەی كورد و بەتایبەت مۆسیقای رەسەن بە نەوەكانی ئەمڕۆ، رۆژی دووشەممە رێكەوتی 18ی بانەمەڕ بە بەشداریی لایەنگرانی فەرهەنگ و هونەر و ئەدیب و هونەرمەندانی شارە جیاجیاكانی پارێزگای كرماشان، دووەمین خولی ئەو فێستیڤاڵەیان بەڕێوە برد\".

\"4458.jpg\"
فەرەیدوون میرئەحمەدی، لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی كوردپا ئەوەشی خستە روو، كە فێستیڤاڵ لە چەند بەشی وەكوو:\"سیاچەمانە، مۆر (چەمەری) هۆرە، دووزەلە، تەنبوور، سوڕنا، شمشاڵ، دهۆڵ و تەپَل و...\" پێكهاتبوو كە سەرجەم لە شارە جیاجیاكانی پارێزگای كرماشانەوە 45 بەرهەم گەیشتبووە دەبیرخانە فێستیڤاڵ\".

بەرپرسی ئەنجومەنی خانای قوبادی وتیشی: \"پاش وتاری جێگری بەرپرسی ئیدارەی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پارێزگای كرماشان و فەرمانداری جوانڕۆ، فێستیڤاڵەكە بە سیاچەمانەی دوو قۆڵیی لەلایەن برایانی \" سدیق و نەجیب حەسەنی\" لە شاری پاوە دەستی پێكرد\".

\"4461.jpg\"
دواتر بڕگەكانی فێستیڤاڵ لەلایەن كەس و گرووپە بەشداربووەكانەوە بەم چەشنە درێژەی كێشا:
ـ مۆر، لەلایەن موراد مەهدی‌خانی لە سەرپێل زەهاو.
ـ هۆرە، لەلایەن ئەحمەد سەفەری لە جوانڕۆ.
ـ تەنبوور و خوێندنی كەلام، لەلایەن گرووپی ژەنیارانی تەنبووری كووهستان، لە كرماشان.
ـ سیاچەمانەی وردە بەزم، (چەپی و گەڕیان) بە چڕینی بایەزید مەتاعی و بە شمشاڵی عەزیز ئەحمەدی، لە \"ساق ئاوا\"ی جوانڕۆ.
ـ هۆرەی جافی لەلایەن لەلایەن \"عەلی حەیدەری\" لە جوانڕۆ.
ـ دووزەلە و تەپڵ لەلایەن شاهین خەلیلی و كەسێكی‌تر لە كرماشان.
ـ سیاچەمانەی وردە بەزم لەلایەن مەسعوود شەبرەندی لە نۆدشە و قودرەت ئەحمەدی لە جوانڕۆ.
\"4459.jpg\"
ـ شمشاڵ، محەممەد عەزیز رەحمەتی لە روانسەر.
ـ نەی، لەلایەن سادق محەممەدی مامۆستای شمشاڵ لە شاری پاوە.
ـ دهۆڵ و سوڕنا لەلایەن ئەمین حەیدەری و دەرویش عەلی سالمی لە شاری سونقوڕ كولیایی كە بە نمایش كردنی چەند دیمەن هەڵپەڕكێی كوردی درێژەی كێشا.
یەكەم فێستیڤاڵی ئاواز، كركە و مۆسیقا رەسەنە ناوچەییەكانی كرماشان لە شاری جوانڕۆ بە دابەش كردنی خەڵات و لەوحی رێزلێنان بەسەر بەشداربواندا كۆتایی پێهات.

\"4460.jpg\"
خولی یەكەمی ئەم فێستیڤاڵە ساڵی 1382ی هەتاوی لە شاری جوانڕۆ بەڕێوە چووە كە جیالە بەشداریی تاك و گرووپەكانی مۆسیقا، بابەت و وتاری لێكۆڵینەوەی راڤەییشی تێدا پێشكەش كرابوو.

ئەنجومەنی خانای قوبادی ساڵی 1373ی هەتاوی و هەروەها ئەنجومەنی مەولەوی چەند ساڵ دواتر لە شاری جوانڕۆ دامەزراون و دوو ناوەندی چالاكی بواری فەرهەنگی، ئەدەبی و هونەریی جوانڕۆ و دەورووبەرین.