دووهەمین گرووپی زنجیرە چالاكییەكانی پشتوانی لە كەبوودوەند مانیان گرت

15:33 - 11 پووشپەڕ 2712
كوردپا: لە چوارچێوەی زنجیرە چالاكییەكانی مانگرتن بۆ هاودەنگی و پشتگیری لە محەممەدسدیق كەبوودوەند ئەمڕۆ یەكشەممە كۆمەڵێكی دیكە لە چالاكانی سیاسی و فەرهەنگیی كورد لە كوردستان و دەرەوەی وڵات مانیان لە خواردن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە درێژەی مانگرتن بە مەبەستی پشتیوانی لە مەحەممەدسدیق كەبوودوەند ئەمڕۆ یەكشەممە ٧ چالاكی سیاسی و فەرهەنگیی كورد لە دەروەی وڵات و هەرێمی كوردستان، بە ماوەی ٢٤ كاتژمێر مانیان لە خواردن گرتووە.

بیرۆكەی زنجیرەیی كردنی چالاكیی مانگرتن پەیوەندیی بەو پێشنیارانەوە هەیە كە بە دەستی كەمپەینی پشتیوانی لە كەبودوەند گەیشتوون و خوازیارن مانگرتنەكان پەرە بستێنێ بەپێی ئەو پێشنیارانە ماوەی مانگرتنەكان بەشێوەی یەك رۆژە بەڕیوە دەچێت و لە رۆژێك زیاتر نابێت.

ئامانجی مانگرتوان هاندانی بەڕێز كەبوودوەند نییە بۆ درێژەدان بە مانگرتنەكەی، كە ئەگەری مەترسیی گیانی جیددیی هەیە، بەڵكوو دەیانەوێت ئەو پەیامە بگەیەنن كە كۆمەڵگەی كوردستان لە هەمبەر كەبوودوەند بێ ئاگا و كەمتەرخەم نین و نابن و لەم رێگاوە پرسی مانگرتنەكە بە رۆژەڤ بكرێت. هاوكات خواستی مانگرتووەكان و بێگومان كۆمەلگەی كوردستان، كۆتایی هاتن بەم مانگرتنی بەڕێز كەبوودوەندە.
ناوی گروپی دووهەم لە مانگرتووەكان بریتیە لە:

شكۆفە قوبادی / سوئێد
ئەرسەلان یار ئەحمەدی / هەرێمی كوردستان
كەژاڵ درەخشانی / نۆروێژ
رێبین فەتتاح / هەرێمی كوردستان
هیوا زەكەریایی / سوئێد
ئەمجەد حوسێن پەناهی / ئاڵمان
فوئاد مەحموودی / ئاڵمان

دوێنی رێكەوتی 10 پووشپەڕ گروپێكی ٢٠ كەسی لەئەندامانی پێشوو و ئێستای \"یەكیەتیی دێمۆاكراتیكی خوێندكارانی كورد\"يش لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات مانگرتنێكی یەك رۆژەیان بۆ پشتیوانی لە كەبوودوەند بەڕێوە برد که‌ ئه‌مه‌ش ناوه‌کانیانه:

ئاسۆ ساڵح، ئاریا حوسێنی، موختار زارعی، سوهراب كەریمی، میلاد كەریمی، وەحید بەهرامی، ماردین رەحمان نژاد، ناسر پیرۆتی، كاوە كەریمی، كاوە كەریمی، سۆران دانشوەر، پەیمان نیعمەتی، وەحید خودایاری، هوشیار حوسێنی، ئازاد لوتفپووری، كۆماس شەهبازی، یاسر گوڵی، چیا حجازی و فواد محەممەدی.