دووبارە بوونەوەی هەڵە پزیشکییەکان بەردەوامە

13:27 - 9 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ناشارەزایی کادرە دەرمانییەکانی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئیلام، قوربانی بوونی نەخۆشێکی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، جارێکی دیکە هەڵەی پزیشکی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئیلام لە ژووی نەشتەرگەری ڕووی دا.

پزیشکی نەخۆشخانەی شاری ئیلام، لە کاتی نەشتەرگەری بۆ یەکێک لە نەخۆشەکان تووشی هەڵەی پزیشکی بوو و لە کاتی دانانی پلاتین، بۆ چارەسەریی پزیشکی، پلاتینەکەیان لە لاقە ساغەکەی ئەو نەخۆشە دانابوو.

کاناڵی تێلگرامی \"تابنک\" ئیلام وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، شوناسی ئەو هاووڵاتییە ڕانەگەیاندووە.

خاوەنڕایان، نەبوونی کادری شارەزا و پسپۆڕی پزیشکی و دەرمانی و کاری لەڕادەبەدەری پزیشکان و زیادبوونی ژمارەی نەخۆشەکان، بە هۆکارەکانی زیادبوونی هەڵەی پزیشکی لە قەڵەم دەدەن.

زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیندرێت و بەو هۆیەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیەی پەیوەندیدار بە هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.