دوكتور محەممەد مەحوی: مەسعوود بارزانی‌پشتگریی یەكخستنی زمانی كوردی دەكات

20:05 - 4 جۆزەردان 2712
كوردپا: سەرۆكی‌هەرێمی‌كوردستان رایگەیاند: یەكێك لە ئامانجەكانی قبووڵ كردنی سەرۆكایەتی هەرێم بە ستاندار كردنی زمانی كوردی بوو و هەتا بەدیهاتنی ئەو ئامانجەش هەوڵەكانی بەردەوام دەبن.

رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 3ی جۆزەردان مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دانیشتنێكدا پێشوازی لە ژمارەیەك پسپۆڕ و زمانەوانانی دەستەی گەشەپێدانی زمانی كوردی كرد و پاڵپشتیی خۆی بۆ دوو پڕۆژەی زانستی راگەیاند هەتا پرسی زمانی هاوبەش یەكلایی بكرێتەوە.

لەم پێوەندییە دوكتور محەممەد مەحوی، مامۆستای زانكۆی سلێمانی و شارەزای زمانی كوردی لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند: \"لەم بارەوە دوو پڕۆژە پێشكەش كراون، یەكیان بە هەوڵی دوكتۆر كوردستان موكریانی و چەند مامۆستایەكی پسپۆڕی بواری زمانی كوردی رێكیان خستووە كە ئامانجەكانی بریتیتن لە: پێكهێنانی دەستەیەكی زمانەوانی كوردی كە خۆی لەم چەند خاڵەدا دەبینێتەوە:
ـ پێداچوونە و چاوەدێریی ورد بە تابلۆ و نووسراوەی ناو شار و دام و دەزگاكانی حكوومەت
ـ هەوڵدان بۆ یەكلاكردنەوەی بڕیارێك لەبارەی مەسەلەی زمانی هاوبەشی كوردی
ـ پاراستنی رەسەنایەتیی زمانی كوردی
ـ یەكخستن و ساغ بوونەوە لەسەر مەسەلەی رێنووس و ئەلف و بێی كوردی
ـ پەرەدان بە پرسی زمان لە سیستمی پەروەردە و خوێندی باڵا و رەچاو كردنی لێكۆڵینەوەی زانستی
ـ پەیڕەو كردنی سیاسەتێكی زمانەوانی و دانانی فەرهەنگێكی یەكگرتووی كوردیی زاراوەی زانستی
ـ داوا كردن لە پارلەمانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك دوو سەرچاوەی یاسایی و فەرمی بۆ پشتگیری و جێبەجێ‌كردنی ئەم كارە
\"4649.jpg\"
دوكتۆر مەحوی لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ ئاژانسی كوردپا ئەوەشی ئاشكرا كرد كە خۆی بۆ بە ستاندارد كردنی زمانی كوردی مۆڵەتی ساڵێك دەرفەتی لە وەزراەتی خوێندنی باڵا وەرگۆتووە و لە پڕۆژەیەكی زمانەوانیدا لەژێر ناوی \"ئاكادیمیای زمان\" ئامادەی كردووە و لەو كۆبوونەوەیەدا ناوەرۆكی پڕۆژەكەیان لەگەڵ مەسعوود بارزانی هێناوەتە بەرباس و ناوبراو بەم چەشنە نارۆكی پڕۆژەكەی خستەروو: لە دوو ئاستدا دەبێ‌جێبەجێ‌دەكرێت و لە چوارچێوەی دوو دەزگادا خۆیان دەبێ‌بخرێتە بواری جێبەجَێ‌كردنەوە: 1 ـ یەكیان لە سەرووی ئاستی وەزارەتی خوێندنی باڵاوەیە و پڕۆژەیەكی كورت خایەنە و بۆ هەموو كوردستانە 2 ـ دەزگایەكی دیكەیان لە ئاستی نێودەوڵەتی دایە و كارەكانی درێژخایەن دەبن.

وتیشی چەند خاڵێكی پڕۆژەكەی بریتیتن لە:
ـ ئامادە كردنی فەرهەنگی \"ئاوەزی مێشكی مرۆڤی كورد\" واتە ئەو وشانەی كەلە مێشكی مرۆڤی كورد دان و هەتا ئێستا نەنووسراونەتەوە كە سەرجەم زاراوە و بن زاراوەكانی زمانی كوردی لەخۆ بگرێت كە دەبێتە فەرهەنگی نەتەوەیی و جێگای زمانی نەتەوەیی دەگرێتەوە
ـ كاركردن لەسەر ئاستی سیستمی پەروەردە، واتە كەسانی شارەزا دەست نیشان دەكرێن هەتا بەرنامەی خوێندن بە شێوەی زانستی و ئاكادیمی هەر لە قۆناغی دایەنگەوە هەتا دوایین پلەی زانستگا لەسەر بنەمای رێنووس و رێزمانی نوێ‌دابڕێژن.
ـ كاركردن لەسەر زمانی راگەیاندن
ـ دیاری كردنی لێپرسراوی سەرەكیی ئەو دەزگایە و لێژنەی زانستی بۆ هەر بەشێك لە كەسانی شارەزا و پسپۆڕ

دوكتۆر مەحوی لە وەڵامی پرسیاری ئاژانی كوردپا لەبارەی چۆنیەتیی پێشوازیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم پڕۆژانە وتی: \"ویست و ئامانجی مەسعوود بارزانی پێكهێنانی دەوڵەتی كوردی و یەكخستنی زمانێكی هاوبەشە بۆ هەموو كورد و بەڕاستی لە دڵەوە هەست بەوە دەكرا كە بەجیددی كاری بۆ دەكات و بۆی بە پەرۆشە و دەیهەوێت دەزگایەكی لەم چەشنە بێتە ئاراوە و خۆیشی هەوڵی بۆ دەدات و پشتگیریشی دەكات و راشیگەیاندووە: كە دەبێ‌بە هەموو شێوەیەك سیاسەت و ئایدیۆلۆژی لە پرسی زمان دوور بخرێتەوە و بە زووترین كات هەنگاوی بە كردەوەی بۆ هەڵبگیرێت\".

دوكتۆر مەحوی تەئیكیدی لەسەر ئەوەش كردووە كە بۆ ئەم كارە گرینگە دوو بەرنامە داڕێژراوە، یەكیان: پلانێكی ستراتیژیی درێژخایەنە: وەك: orthography (ئۆرتۆگرافی)، دانانی فەرهەنگستان، داڕشتنی بناغەی سیستمی پەروەرد، زاراوەسازیی زانستی و... بەرنامەی دووەمیش كە بە كاری هەنووكەیی ناودێر كراوە كە كارە كردەییەكان لەخۆ دەگرێت كە دەبێ‌دەستبەجێ‌دەست بە كارەكانی بكرێت كە یەكیان كۆكردنەوەی وشەی زار و زارۆچكە جیاوازەكانی زمانی كوردی و ئەوی دیكەشیان چاك كردن و چاوەدێری كردنی تابلۆ، نووسراوەی ناوشار و سەر دەرگای دام و دەزگا حكوومەتییەكانە.

دوكتۆر مەحوی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا كەلە ساڵانی رابردوودا لەبارەی یەكلایی كردنەوەی پرسی ئاڵۆزی زمانی كوردی زۆر پڕۆژە پێشكەش كراون و جیاوازیی ئەم پڕۆەیە لەگەڵ ئەوانەی پێشوو چیە و چ ئومێدێك بۆ جێبەجێ‌كردنی هەیە؟ وتی: \"بە خۆشییەوە ئەم پڕۆژەیە جیاوازە لە پڕۆژەكانی دیكە و جیدییەتی پێوە دیارە و پشتیوانیی هەیە و لەبارەی زانستیشەوە پڕۆژەیەكە لە چەشنی فەرهەنگستانی ئینگلیزی و ئاڵمانی، دەزگایەك دەبێت زمانەوان و پسپۆڕ كاری تێدا دەكات، دەزگایەك نابێت وەكوو ئاكادیمیای كوردستان، چونكە ئەو ئاكادیمیایەی كە ئێستا هەیە دەزگایەكە بۆ هەموو زانستەكان، نەك تەنیا بۆ زمان، بەڵام ئامانجی ئەم پڕۆژە و دەزگایە تایبەتە بە\"ئاكادیمیای زمان\" كە شارەزایان و زمانەوانانی بەشە جیاكانی كوردستان و دەرەوەی وڵات تێیدا كار دەكەن\".

وێنە: KRP