دواكەوتنی هەشت مانگەی حەقدەستی كرێكارانی بەنداوی \"چەپەراوێ‌\"‌ی شنۆ

20:52 - 16 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی كوردپا: حەقدەستی كرێكارانی بەنداوی چەپەراوێ‌لەناوچەی شنۆ هاوچەشنی چارەنووسی پڕۆژەی بەنداوەكەی لێهاتووە و ماوەی هەشت مانگە كرێكاران مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بەرپرسانی كۆمپانیای بەڵێندەری\" سێ‌کوو\" ماوەی هەشت مانگە كرێكارانی بەنداوی چەپەراوێ‌‌یان خستۆتە ژێر فشار و خۆیان لەدانی حەقدەستەكانیان بواردووە.

یەكێك لەو كرێكارانەی كە حەقدەستی وەرنەگرتووە بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە: لەماوەی دەستبەكاربوونی ئەو پڕۆژەیە، ئەندازیار و بەرپرسانی كۆمپانیاكان بە بەردەوامی كێشەیان بۆ كرێكاران و تەنانەت خەڵكی ناوچەكەش دروست كردووە.

ئەو كرێكارە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت ئەوەشی خستۆتەڕوو، هەتا ئێستا كرێكاران چەندین جار ناڕەزایەتیان بەو دۆخە دەربڕیوە، بەڵام هیچ وڵامێكیان وەنەرگرتۆتەوە و لە زۆر حاڵەتیشدا لەسەر كار دەركراون.

ماوەی ساڵێك لەمەوبەریش بەبیانووی كەمیی بوودجە، ٥ مانگ حەقدەستی كرێكارانی ئەو بەنداوە نەدرابوو و زیاتر لە ٢٠ كرێكاریش لەسەر كار دەركرابوون.

پڕۆژەی دروستكردنی بەنداوی چەپەراوێ‌لەشاری شنۆ لەساڵی ١٣٨١وە دەستی پێكردووە و بڕیار بوو لەماوەی پێنج ساڵدا ئاوگیری بكرێت.

\"21314.jpg\"
كۆمپانیای بەڵێندەری \"سپانۆ\" وەكوو لایەنی سەرەكیی گرێبەستی بەنداوی چەپەراوێ‌ئەو پڕۆژەیەی وەئەستۆ گرت و كۆمەڵێك كۆمپانیای دیكەی وەكوو،\"كاوش سازە ماد\"، \"ئای، تی، پی\"، \"پویاب\" و \"فریاب\"یش وەكوو ژێر مەجموعەی كۆمپانیای \"سپانۆ\" لەجێبەجێ‌كردنی ئەو پڕۆژەیەدا بەشدار بوون.

بەوتەی هاووڵاتیانی ئەو ناوچەیە، كۆمپانیای \"سپانۆ\" كۆمپانیایەكی عومرانی نەبوو بەڵكوو زیاتر كاری بیناسازی وەئەستۆ دەگرت، بەڵام بەهۆی پشتیوانی لەلایەن ناوەندە حكوومییەكانەوە توانی براوەی ئەو پڕۆژەیە بێت.

لەدەسپێكی ئەو پڕۆژەیەدا ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی ئاوایی چەپەراوێ‌لەلایەن كۆمپانیاكەوە بڕدرا و خەڵكی ناچار بوون بۆ دابین كردنی ئاوی خواردنەوە \"بیر\" هەڵبكەنن.

ئیدارەی تەندروستی شاری شنۆ دوای تاقیكاری لەسەر ئاوی چاڵاوەكان بۆی دەركەوتبوو كە ئەو ئاوە لەگەڵ \"فازڵاو\" تێكەڵ بووە و بەكەڵكی خواردنەوە نایەت، بەڵام هاووڵاتیانی ئەو گوندە بە ناچاری كەڵكی لێ‌وەردەگرن و سەرەڕای داواكارییان بۆ لوولەكێشی سەر لە نوێی ئاوی خواردنەوەی خاوێن، كۆمپانیای (سە‌کوە) رێگرییان لێ‌دەكات و بەهانایانەوە ناچێت.

دوای وەرشکست بوونی کۆمپانیای سپانۆ کۆمپانیای \"سە کوە\"پڕۆژەکەی وەئەستۆ گرت.