دوای پێنج مانگ دوو زیندانی سیاسی کورد چاویان بە بنەماڵەکانیان کەوت

20:29 - 23 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: سامان نەسیم ویوونس ئاقایان دوو زیندانی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام دوای پێنج مانگ کە چارەنووسیان نادیار بوو، توانیویانە لەگەڵ بنەماڵەکانیان چاویان بە یەک بکەوێ و لەرێگەی تەلەفوونیشەوە پێکەوە قسەیان کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بنەماڵەی سامان‌نەسیم و یوونس‌ئاقایان وێرای پشتڕاست کردنەوەی هەواڵی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لەگرتووخانەی زەنجان، راشیانگەیاندووە لەماوەی ئەو ١٤٥ رۆژەدا هیچ هەواڵێکیان لەسەر بارودۆخی رۆڵەکانیان نەبووە.

رێکەوتی ٢٢ی پووشپەر، سامان‌نەسم لە پێوەندیەکی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا رایگەیاندبوو کە زیندووە.

عەلی‌خالیدی پارێزەری سامان نەسیم لە وتووێژێکدا لەگەڵ کەمال حوسینی هەواڵنێر و چالاکی مافی مرۆڤ وتبووی، بۆ ئەو زیندانییە سیاسی کوردە لە پزیشکی دادوەری پەروەندەی \" کامڵ بوونی تەمەن\" کراوەتەوە جونکە کاتێک سامامن دەستبەسەر کرا تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە.

لەحاڵێکدا کە راپۆرتە و زانیارییە جۆربەجۆرەکان باسیان لە جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی سامان نەسیم لە ٣٠ رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا دەکرد، بەڵام پارێزەرەکەی هەواڵی لەسێدارەدانی سامانی رەت کردووەتەوە.

هەر لەو پێوەندییەدا پارێزەرەکەی سامان نەسیم رایگەیاند: هەتا ئێستا روون نیە کە جارێکی دیکە ئەو زیندانییە سیاسییە حوکمی ئیعدامی بۆ دەبڕدرێتەوە یان نا.

باس لەوە کراوە کە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی سامان نەسیم بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ دەستی پێکردووە و ئەگەری ئەوە هەیە دوای جێژنی رەمەزان رەوانەی شاری ورمێ بکرێتەوە.

٢٩ رێبەندانی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، سامان نەسیم، عەلی و حەبیب ئەفشاری، سیروان نژاوی، ئیبراهیم عیسا پوور و یوونس ئاقایان، لە کەش‌و‌هەوایەکی ئەمنیەتی زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار گوزراونەتەوە نزیک بە پێنج مانگ لە چارەنووسی ئەو دەستبەسەر کراوانە هیچ هەواڵێک لە بەر دەست دانەبوو.

سیروان نژواری لە زیندانی ناوەندی تەورێز و ئیبراهیم عیساپوور لە زیندانی ناوەندی ورمێ بە سەر دەبن.

رێکەوتی ١٦ی پووشپەڕ، بەڵگەی ئیعدامی حەبیب و عەلی ئەفشاری دوو زیندانی کورد لە لایەن بەرپرسانی زیندان دەدرێتەوە بە بنەماڵەکەیان، بەڵام هەتا ئێستا بنەماڵەی ئەفشاری تەرمی کوڕەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

سەرەڕای بڵاو بوونەوەی هەواڵی جۆراوجۆر لەسەر دۆخی ئەو ٦ زیندانییە سیاسییە، هەتا ئێستاش هیچکات بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی بە فەرمیی و بەشێوەیەکی روون باسیان لەو مەسەلەیە نەکرد.