دوای پێنج ساڵ لە دەستبەسەری، حوکمی چالاکێکی بۆکانی جێبەجێ کرا

14:23 - 13 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە چالاکانی شاری بۆکان بۆ بەڕێوەچوونی حوکمەکەی، دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی سەرماوەز، \"محەممەد کەریمی\" یەکێک لە چالاکانی شاری بۆکان، بۆ جێبەجێ‌کرانی حوکمەکەی لەلایەن مەئموورانی حکوومەتەوە لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا.

ئەو چالاکە کوردە ٥ ساڵ لەمەوپێش، ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩١ی هەتاوی وێڕای بەشێک لە چالاکانی کرێکاری، لە کۆڕی گشتیی ساڵانەی کۆمیتەی هاوئاهەنگی دەستبەسەر و یەکسال دواتر واتە لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی، وێڕای چەند کەس لە ئەندامانی ئەم کۆمیتە دادگایی کرا.

ناوی بەشێک لەو کەسانەی کە دادگایی کران بەم چەشنەیە: \"هادی تەنوومەند، جەماڵ میناشیری، قاسم مستەفاپوور و ئیبراهیم مستەفاپوور\".

پاش ئەم دادگایی کردنە، دادگای ئینقلابی مەهاباد بە تۆمەتی \"ئەندامیەتی لە کۆمیتەی هاوئاهەنگی و بەشداری لە کۆڕی گشتی ئەو دامەزراوەیە لە ساڵی ٩١دا لە شاری کەرەج\"، محەممەد کەریمییان بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.