دوای تێپەڕینی سەد رۆژ، شارەوانییەکانی بۆکان و پاوە بێ‌بەرپرسن

13:24 - 17 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: پۆستی بەرپرسی شارەوانییەکانی بۆکان و پاوە دوای تێپەڕینی زیاتر لە سەد رۆژ لەهەڵبژاردنی شۆرای شار و دێهاتەکان، یەکلایی نەکراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە دوای هەڵبژاردنەکانەوە هەتا ئێستا ئەندامانی شۆرای شاری بۆکان دوو کەسیان وەکوو بەرپرسی شارەوانیی ئەو شارە بە ئوستانداریی ئازەربایجانی رۆژئاوا ناساندووە بەڵام هەر دوو کەسەکە وازیان لەکارەکەیان هێناوە.

کۆتاییەکانی هاوینی ئەمساڵ \"سەلمان مام عەزیزی\" یەکێک لە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان وەکوو بەرپرسی شارەوانی دیاری کرا و تەنیا دوای بیست رۆژ ئەو شارەدارە وازی لەکارەکەی هێنا و رایگەیاند کە بە هۆی کێشەی شەخسییەوە ناتوانێ‌ئەو پۆستە وەئەستۆ بگرێت.

دواتر لەمانگی رەزبەردا هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئیبراهیم کەریمی شارەداری پێشووی شاری مەهاباد وەکوو بەرپرسی شارەوانیی بۆکان بە ئوستانداریی ئازەربایجانی رۆژئاوا ناسێندرا و ئەویش دوای چەند رۆژ وازی لەکارەکەی هێنا.

لەو بارەیەوە سایتی \"زریان \" بڵاوی کردبۆوە، ئیبراهیم کەریمی لەژێر زەخت و فشاری ئوستانداریی وازی لەکارەکەی هێناوە و هەڕەشەی ئەو ناوەندەی لەسەر بووە و پێی راگەیەندراوە دەبێ‌واز لە پۆستەکەی بێنێت.

ئەمانە لەحاڵێکدان کە شارەکانی بۆکان و مەهاباد لە بوونی نوێنەر لە هەیئەت رەئیسەی ئەنجومەنی باڵای ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواشدا بێبەری و پەراوێز خراون.

رێکەوتی ١٤ی سەرماوەز رێوڕەسمی دیاری کردنی ئەندامانی هەیئەت رەئیسەی ئەنجومەنی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ورمێ‌بەڕێوەچوو کە نوێنەری شارەکانی بۆکان و مەهاباد نەیانتوانی لەو ئەنجومەنەدا بەشدار بن.

بێبەری بوونی ئەو دوو شارە لە هەیئەت رەئیسەی ئەنجومەنی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لەکاتێکدایە کە بۆکان و مەهاباد لە بواری حەشیمەتەوە بە سێیەم و چوارەمین شاری ئەو پارێزگایە دێنە ئەژمار.

ئەنجومەنی باڵای ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە ١٧ ئەندام پێکهاتووە.

\"17274.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە شاری \"پاوە\"‌ش لە ئوستانی کرماشان لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە لە بوونی بەرپرسی شارەوانیی بێبەری بووە.

لەو بارەیەوە هاووڵاتیانی شاری پاوە نیگەرانن و لەو باوەڕەدان کە گەندەڵییە ئیدارەییەکان لەشاری پاوە کارێگەری لەسەر پۆستەکان و یەک لەوان دیاری کردنی بەرپرسی شارەوانیی هەبووە.

لە شاری جوانڕۆش بەرپرسی شارەوانیی دوای تێپەڕینی ماوەیەکی کورت لەدەست بەکار بوونی لەلایەن ئوستاندارییەوە دەنگی متمانەی پێ نەدرا و لەحاڵی حازردا شارەوانیی ئەو شارە بێ‌بەرپرسە.