دوایین هەواڵ لەسەر بارودۆخی سووریە و ئاماری کوژراوانی ساڵی ٢٠١٢ی ئەو وڵاتە

13:28 - 13 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە شارەکانی حەڵەب و دیمەشق درێژەیان هەیە و لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی پایتەختی سووریە ناچالاک ماوەتەوە.

هەواڵدەریی \"بی‌بی‌سی\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، لە درێژەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەرتشی حکوومەتی سووریە، لە چەندین شوێنەوە هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر ناوچە و گەڕەکەکانی دیمەشق.

بەپێێ ئەو راپۆرتە لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵەوە بەردەوام لەسەر شاری حەڵەب لە نێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و ئەرتشی حکوومەتیدا شەڕ و تێکهەڵچوون لە ئارادا بووە.

\"10517.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە یەکێک لە بەرپرسانی فڕۆکەخانەی حەڵەب بە هەواڵدەریی فەڕانسەی راگەیاندووە، کە فڕۆکەخانەی شاری حەڵەب ماوەیەکی زۆر لە ژێر کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری ئەرتشی ئازاددا بووە.

دەستەی چاوەدێرانی مافی مرۆڤی سووریە رایانگەیاندووە کە رۆژی شەممە فڕۆکەیەکی غەیرە نیزامیی لە کاتی بەرز بوونەوە لە فڕۆکەخانە تەقێندراوەتەوە و لەو پەیوەندییەدا زانیاریی زیاتریان بڵاو نەکردۆتەوە.

دوابەدوای ئەو رووداوە فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی سووریە چەندین ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنیان لە باشووری رۆژئاوای دیمەشق بۆردومان کردووە.

یەکێک لە دانیشتوانی شاری \"حۆمس\" بە هەواڵدەریی رۆیتێرزی راگەیاندووە کە تێکهەڵچوونەکان بە گشتی ئەو شارەی گرتۆتەوە لە هەموو شوێنێکی ئەو شارە شەڕ لە ئارا دایە و گرژی زۆربەی ناوچەکانی شاری ئەدلەبی گرتۆتەوە.

لە درێژەی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەم دوواییانەی وڵاتی سووریە، \"ئەخزەر ئیبراهیمی\" نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریە رایگەیاندووە، ئەگەر ئەو ئاڵۆزییانە لە رێگای سیاسییەوە چارە سەر نەکرێن و رەوتی شەڕ بەم چەشنە بڕواتە پێش، لە داهاتوویەکی نزیکدا کارەسات سەرجەم ئەو ولاتە دەگرێتەوە، چونکە شەر و تێکهەڵچوونەکان شێوەی عەشیرەیی و تایفەگەرییان بە خۆوە گرتووە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لە سەرەتای شۆڕشی سووریەوە هەتا ئێستا، زیاتر لە ٤٤ هەزار کەس لەو وڵاتە بوونەتە قوربانی و بە وتەی چاوەدێرانی مافی مرۆڤی سووریە، لە کۆی ئەو رێژەیە زیاتر لە ٣٩ هەزار هاووڵاتیی بە دەستی هێزەکانی حکوومەتی سووریە کوژراون.

دەستەی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە رۆژی سێ‌شەممە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ٢١ مانگی رابردوودا ٩٠%ی ئەو هاووڵاتییانەی لە میانەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتەدا بوونەتە قوربانی هاووڵاتییانی مەدەنی بوون.

\"10516.jpg\"
بەپێی راپۆرتی \" ئەلعەرەبییە\" رامی عەبدولرەحمان بەرپرسی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە جەختی لەوە کردۆتەوە کە رێژەی ئەو هاوولاتییانەی لە دەستپێکی شۆڕشی ئەو وڵاتەوە بوونەتە قوربانی لە ٤٥ هەزار کەس زیاتر بوون.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی ١ ساڵی رابردوودا، ٢٨ هەزار و ١١٣ هاووڵاتیی مەدەنی ، ٩٤٨٢ کەس لە هێزەکانی حکوومەتی و ١٠٤٠ سەربازیش لەو هێزانە جیا بوونەتەوە.

بەپێی ئەو راپۆرتە ناسنامەی ٧٢٧ کەس لە هاووڵاتییانی مەدەنی کە بوونەتە قوربانی نەزانراوە و بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییانە نەدۆزراونەتەوە کە سەرجەم یان ئەو کەسانە بوون کە لە نارەزایەتییەکاندا بە دەستی هێزەکانی حکوومەتی گیانیان لێ ئەستێندراوە.

رامی عەبدولرەحمان لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ساڵی ٢٠١٢ خوێناویترین ساڵ لە مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتەدا بووە و لە ماوەی ئەو ساڵەدا هێزەکانی حکوومەتی هەموو جۆرە چەکێکیان بە دژی هاووڵاتییان بە کار هێناوە و بە فڕۆکە زۆربەی ناوچەکانی ئەو ولاتە بۆردومان کراون.

بەرپرسی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریە رایگەیاند: ئامارێکی راستەقینە لە رێژەی کوژراوانی هێزەکانی حکوومەتی و ئەمنییەتیی سووریە لە بەر دەستدا نییە، بەڵام ئەگەر سەرژمێرییەکی ورد لە رێژەی سەرجەم کوژراوانی ئەو وڵاتە بکرێت، ژمارەی قوربانیان لە ١٠٠ هەزار کەس تێدەپەڕێت.