دوایین دانیشتنی دادگایی کردنی برایانی کوردپوور کۆتایی پێهات

19:56 - 6 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: سێیەمین دانیشتنی دادگایی کردنی برایانی کوردپوور بە شێوەی عەلەنی و بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانیان لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر دوایین دانیشتنی دادگایی کرانی مەسعوود و خوسرەو کورد پوور پاش چوار کاتژمێـر، کۆتایی پێ هات و دادوەر کۆتایی دانیشتنەکانی راگەیاند.

کەماڵ حوسێنی کە لەو دانێشتەندا ئامادە بوو رایگەیاند؛ کە ئەو دوو برا رۆژنامەنوسە تۆمەتی \"سووکایەتی کردن بە رێبەری ئێران\"یان لەسەر لاچوو، و دادوەر رایگەیاند کە تۆمەتی \"نەشری ئەکازیب (بڵاو کردنەوەی درۆ)\" لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دادگادا نییە\".

\"16379.jpg\"
کەماڵ حوسێنی ،هەواڵنێری ئاژانسی موکریان
ئەو هەواڵنێرەی ئاژانسی موکریان گوتیشی: دادوەر جەوادی کیا تۆمەتی خوسرەو کوردپووری \"موحاربە و هەوڵدان دژی تەناهیی نیزام\" لە رێگەی پەیوەندی گرتن لەگەڵ کەسانی سەربە حیزبە دژبەرەکانی نیزام، بڵاو کردنەوەی هەواڵی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و بەرپرسایەتیی ئاژانسی موکریان، راگەیاند.

خوسرەو کوردپوور لە بەرگری کردنەکەیدا گوتی: \"هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ کەسانی سەر بە حیزبە کوردیەکان نەبووە و تەنیا راستییەکانم لە ئاژانسی هەواڵدەریی موکریانەوە بڵاو کردووەتەوە\".

هەروەها بەرپرسی ئاژانسی موکریان لەبەشێک لەبەرگری کردنەکەیدا رۆژنامەکانی \"کەیهان، ئێران و چشم ئەندازی ئێران\"ی بە نموونە هێنایەوە کە هەواڵی هاوشێوەی ئاژانسی موکریانیان بڵاو کردووەتەوە.

خوسرەو کوردپوور بە جەوادی \"جەوادی کیا\"ی راگەیاند؛ رۆژنامەی \"چشم انداز ایران\" لەگەڵ لێپرسراوانی حیزبەکانی دژبەری نیزام وتووێژی کردووە، بۆچی بۆ ئەو تاوان نییە و لێپرسینەوەی یاساییان لێنەکراوە، بەڵام لەکاتێکدا ئێمە لە چوارچێوەی یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کارمان کردووە بەرەوڕووی دادگا دەبینەوە.

حوسێنی گوتیشی کە دادوەر تۆمەتی مەسعوود کوردپووری \"هەوڵدان دژی تەناهیی نیزام\" لە رێگەی لێدوان و پەیوەندی گرتن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی وڵات راگەیاند.

ئەو رۆژنامەنووسە لەدرێژەدا باسی لەوەش کرد کە دادوەر دژایەتیی لەگەڵ دانانی بارمتە بۆ ئازادیی برایانی کورد پوور دەربڕی و رایگەیاند: \" پەروەندەی کوردپوورەکان بە گەشتی ئەمنیەتییە و لە ئەگەری ئازاد کرانیان رەنگە وڵات بەجێ بهێڵن\".

هەواڵنێری موکریان گوتیشی کە دادوەر کۆتایی دانیشتنەکانی راگەیاند و لە ماوەی دوو حەفتەی داهاتوودا حوکمەکەیان رادەگەیەندرێت.