دوایین ئاماری بوومەلەرزەی شەوی ڕابروودی پارێزگای کرماشان

13:34 - 5 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاتنی بوومەلەرزەیەکی ٦/٤ ڕێشتری لە پارێزگای کرماشان، بوو بە هۆی بریندرابوون و ڕووخانی ژمارەیەک خانووبەری هاووڵاتییان.

کاتژمێر ٧:٢٠ خولەکی شەوی ڕابردوو، بوومەلەرزەیەک بەهێزی ٦/٤ ڕێشتری، پارێزگای کرماشانی هەژاند و زیاتر لە ٧٠٠ کەس لە هاووڵاتییان بریندار بوون.

ناوەندەی ئەو بوومەلەرزە شاری سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان بووە و دوایین ئاماری بریندار بووانی ئەو ڕووداوە، هەتا ئێستا ٧١٦ کەس ڕاگەیاندراوە.

جێگیری دەرمانیی زانکۆی علووم پزیشکی شاری کرماشان برینداربووانی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشانی هەتا کاتژمێر ٨ی ئەمڕۆ ٥ی سەرماوەز، ٧١٦ کەس ڕاگەیاندووە.

بەهێزیی ئەو بوومەلەرزە تا ڕادەیەک بووە کە لە پارێزگاکانی هاوسنووری پارێزگای کرماشان بە تایبەتی ئیلام، لوڕستان، هەمەدان، سنە و ورمێ، هەستی پێکراوە.

پاش هاتنی بوومەلەرزەکەی شەوی ڕابردوو، هەتا ئێستا بە وتەی بەرپرسی تۆڕی \"لرزەنگاری\"ـی پارێزگای کرماشان، ١٥٢ پاش لەرزە ڕووداوە.

هاووڵاتییانی شارەکانی، سەرپێڵ‌زەها، قەسری شیرین، ڕوانسەر، داڵاهۆ، شائاباد، سەلاسی باوەجانی و گێڵانغەرب زیاترین خەساریان بەر کەوتووە.
هەتا ئێستا ڕاگەیاندنەکانی حکوومەتی، هیچ هەواڵێکیان سەبارەت بە گیان لە دەستدانی هاووڵاتییانی بڵاو نەکردووتەوە.