دست لە کارکێشانەوەی شۆراکانی گوندی\"نێ\"ی مەریوان لەژێر گوشاری ئیتلاعات

13:59 - 22 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: چوار کەس لە ئەندامانی شۆرای گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لەژێر گوشار دان و بەو هۆیەوە دەست لە کارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ڕەفیق بەدەخش، خالید نیکپەی و ئازاد خاوەری و هەروەها ئەنوەر بەڕنگ،(جێگری شۆرا)\"، ئەو چوار کەسەن کە لە لایەن فەرماندار و بەخشداری نوێی مەریوان و پێشنوێژی هەینی ئەو شارە دەست لە کار کێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو چوار هاووڵاتییە کە ئەندامی شۆرای ئەو گوندەن، لە لایەن ناوەندە و کەسە ئاماژە بۆ کراوەکان، لەژێر هەڕەشە و گوشار دان بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ ئەو ناوەندانە ئەوانیش بەو هۆیەوە لە ئەندامەیەتی شۆرا کشاونەتەوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە، ئیدارەی ئیتلاعات داوای لەو چوار کەسە و هەروەها مامۆستا لوقمان پێشنوێژی مزگەوتی گەورەدێ\"نێ\"ی مەریوان کردبوو کە نابێت لەو گوندە جێژنی نەورۆز بگیردرێت و نابێت ئاڵای کوردستان هەڵبکرێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزەکانی ئیتلاعات بە ئەندامانی شۆرایان ڕاگەیاندووە، دەبێت ئەوان هاوکاریان بکەن و چالاکانی گوندی \"نێ\"ی ڕادەستی ئیتلاعات بکەن و پاش قەبووڵ نەکردنی ئەو داواکارییە شۆراکانی ئەو گوندە دەست لە کارکێشانەوە خۆیان راگەیاندووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، هەڕەشەیان لە مامۆستا لوقمان، پێشنوێژی هەینی گوندی \"نێ\"ـی کردووە و ڕایانگەیاندووە: \"لە ئەگەری ملکەج نەبوون بە داواکارییەکانی ئیتلاعات، ناوبراو لەو گوندە وەدەر دەنێن\".

دەوترێ، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"نێ\" لە زۆربەی قسەکانیدا لە نوێژی هەینی دەپڕژێتە سەر کێشە و گرفتەکانی پەیوەندییدار بە کوردستان، ڕەخنە لە بەرپرسانی حکوومەتی دەگرێت و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایەتیی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەی لێ بکەوێتەوە.

لینکی پێوەندیدار:
ئیتلاعات هەڕەشەی لە پێشنوێژی مزگەوتی گوندی \"نێ\"ـی مەریوانی کرد