دزی کردن گیان لەدەستدانی ژنێکی دووگیانی لێ‌کەوتەوە

20:56 - 18 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی دووگیان لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ڕوانسەری سەر بە پارێزگای کرماشان، لە بڵێسەی ئاگردا سووتا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ژنێکی گەنج بە ناوی شیلان ئاقایی کچی نامدار، لە ماڵەکەی خۆیدا لە گوندی بەوراوای شاری ڕوانسەر سووتا.

تەرمی ئەو ژنە دووگیانە، لە شاری کرماشان توێکاریی ئەندامیی بۆ کراوە و پولیسیش ئەو ڕووداوەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ڕوانسەر ڕایگەیاند: خەڵکی گوندی بەوراوا لەو باوەڕەدا بوون کە بە هۆی تەقینەوەی کەپسوولی گازەوە ئەو ماڵە ئاگری گرتووە و ئاگرەکە بووتە هۆی سووتاونی جەستەی ئەو ژنە تەمەن ١٨ ساڵە.

بەڵام دواتر بنەماڵەی ئەحمەدی، هاوژینی شیلان ئاگادار بوونەتەوە، کە ناوبراو لەگەڵ کۆمەڵێک دز دەستەویەخە بووە. سەرەتا لە لای سەریەوە زەربەی بەر کەوتووە و دواتریش چەند زەربەی چەقۆی لە لایەن دزەکانەوە لێ دراوە و بە دەست و لاق بەسراوی لە نێو بڵێسەی ئاگرەکەدا بەجێیان هێشتووە.

بەپێی وتەکانی چەند هاووڵاتییەکی ئەو ناوچەیە، پۆلیس ڕۆژی دووشەممە ١٧ی جۆزەردان، لەو پەیوەندییەدا، هەوڵی دەستبەسەر کردنی چەند کەسێکی داوە.

پۆلیس گومانی دەست تێدا هەبوون لەو ڕووداوەی لە کەیهان ئەحمەدی هاوژینی شیلان و یەکێک لە خزمە نزیکەکانی شیلان هەیە.

شیلان، کەمتر لە یەکساڵە لەگەڵ کەیهان ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و دووگیانە.

دز یان دزەکان، پاش ئەو تاوانە، زێڕ و ئاڵتوونەکانی شیلانیان بردووە و دواتر ماڵەکەیان ئاگر تێ‌بەرداوە.

لەو ڕاپۆرتەدا کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە هاتووە کە، هەتاکوو ئێستا بکوژەکانی شیلان نەناسراون.