درێژەی ئاگرتێبەربوونی دارستانەکانی کوردستان و راکێشانی پەنجەی تاوان بۆ سپای پاسداران

21:58 - 26 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی دوو رۆژدا، دارستانەکانی شاری مەریوان لە حەوت شوێن و دارستانەکانی کوێستانی \"دوزین\" ی بانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە ئاگریان تێبەر بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە ٢٤ی جۆزەردان، دارستانەکانی گوندی \"بەرقەڵا\" لە دەوروبەری کێوی ئیمام و دارستانەکانی دەوروبەری گوندی \"سلسی کۆن\" لە باشوور و رۆژهەڵاتی شاری مەریوان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون.

هەروەها دووشەممە ٢٥ی جۆزەردان، دارستانەکانی گوندی \"چاڵی سوور\" سەر بە ناوچەی سەرشیو، دارستانی گەرەکەکانی \"کونە دێو\" و \"کووەری موسەوی\" لە رۆژهەڵاتی مەریوان و \"دارسەیران\" لە باکوور و دارستانەکانی دەوروبەری دوڵی\"یگنکە\" لە رۆژاوای مەریوان لە ئاگرکەوتنەوەدا سووتان.

ئەو ئاگرکەوتنەوانە بە گشتی لە لایەن خەڵک و چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزیەوە کونتڕۆڵ کراون.

بەپێی ئەم راپۆرتە، کەمتر لە یەک مانگ نزیک بە ٥٠ ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان رووی داوە.

بەپێی راپۆرتێک کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، دارستانەکانی کوێستانی \"دوزین\"ی بانە لەلایەن سپای پاسدارانەوە ئاگریان تێبەر درا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ئاکامی ئەو ئاگرکەوتنەوە لە کوێستانی دوزینی بانە خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی بەو ناوچەیە گەییشتووە.

دانیشتوانی ناوچەکە لەو باوەڕەدان کە ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی هەبوون و خۆشاردنەوەی هێزە کوردییەکانی ئوپۆزسیونی حکوومەت دارستانەکانی ئەو ناوچەیە ئاگر دەدەن.