درووستکردنی خانوو یەک لە کۆنەپایگایەی حکوومەتی بوو بە هۆی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی سەقزی

21:02 - 12 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شاری سەقز، هاووڵاتییەکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارەیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"ڕەحیم حەجەری\" کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی \"سیادەری سەروو\" لە ناوچەی گەوڕکایەتی شاری سەقز، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی ئەوەیکە لە شوێنی کۆنەپایگایەکی سپای پاسداران لەو گوندە، خانووی درووست کردووە، دەسبەسەر و ڕەوانەی ئیدارەی شاری سەقز کراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەرکردنی چارەنووسی ناڕوونە و سەرەڕای سەردانی بنەماڵەی بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ڕەحیم، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەک بەو بنەماڵەی خۆ دەبوێرن\".