دروشمی \"ئاویەر سەر لەنوێ سەر هەڵدەداتەوە\" گەیشتە لووتکەی دەماوەند

22:56 - 23 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: سێ شاخەوانی کوردی خەڵکی شاری شنۆ بۆ پشتیوانی لە ژینگە و چیای ئاویەر، لووتکەی دەماوەندیان بڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: عەبدوڵڵا پەروانە، سەلیم خزری و بێهنام زاد، ئەو سێ شاخەوانە کوردەن کە بە هەڵگرتنی دروشمی\" ئاویەر سەر لەنوێ سەر هەڵدەداتەوە \" چیای دەماوەندییان خستە ژێر پێ.

ئەو سێ شاخەوانە کوردە کە بەو کارەیان خۆشەویستی خۆیان بۆ ژینگەی کوردستان دووپات کردووەتەوە، بە نیشانەی پشتیوانی لە چیای ئاویەریش دروشمی \" ئاویەر سەر لەنوێ سەر هەڵدەداتەوە\"یان لەسەر دەماوەند نووسیوە.

رۆژی پێنج‌شەممە ١٨ی پووشپەڕیش، کۆمەڵێک لەچالاکانی ژنان و ژینگەپارێزی، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بۆ مەحکووم کردنی ئەنجامدەرانی ئاگرکەوتنەوەکەی کێوی ئاویەر، لەگوێزەکوێرەی شاری سنە بەڕێوە برد.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا چالاکانی مافی ژنان و ژێنگەپارێزی داوایان لە بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە شاری سنە کردبوو تاوانبارانی ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر دەستبەسەر و سزا بدەن.

دوانیوەرۆی رۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕ، ئاگرکەوتنەوە لە چوار لاوە لەچیای ئاویەری سنە روویداو بەشێکی زۆری لە سەیرانگای ئاویەر لەو ئاگرکەوتنەوەدا سووتان.

ئاگرکەوتنەوەکەی ئاویەر شوێنەکانی دوڵی نێوان ئاویەری گەورە و گچکە، کانی ماماتکە، حەوت ئاسیا و هەتا نزیک قەبری خەدری زیندەی لە خۆگرتبوو، کە خەسارێکی جێددی بە دارستانەکانی ئەو شوێنانە گەیاندبوو.