دایک و کوڕێکی سەقزی لە بەنداوی "لەگزی"دا خنکان

15:56 - 22 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: دایک و کوڕێکی سەقزی کە هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەیان بۆ گەشت و سەیران روویان لە بەنداوی لەگزی کردبوو لە نزیک گوندی \"یاپشخان\" لە نێو ئاوی ئەو بەنداوەدا گیانیان لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕ کوڕی بنەماڵەیەکی سەقزی بەناوی \" نەریمان مورادی\" تەمەن ١٨ ساڵ کەوتۆتە نێو ئاوی بەنداوی لەگزی و بەهۆی ئاشنا نەبوون بە مەلە کردن لەو ئاوەدا خنکاوە.

شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هاوکات دایکی ئەو کوڕە بەمەبەستی رزگار کردنی رۆڵەکەی خۆی خستۆتە نێو ئاوی ئەو بەنداوە و لە ئەنجامدا ئەویش گیانی لەدەست دا.

ئەو شایەتحاڵە ئەوەشی خستەروو، تەرمی ئەو دایک و کوڕە کوردە پاش ٢٠ خولەک لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئاگر کوژێنەوەوە لە ئاوەکە هێنرانە دەرەوە و رەوانەی ساردخانەی شاری سەقز کران.

هەروەها ساڵی رابردوش ٤ هاووڵاتیی سەقزی بەهۆی ئاشنا نەبوون بە مەلە کردن لە نێو ئاوی ئەو بەنداوەدا گیانیان لەدەست دا.