دایک و هاوژینی چالاکێکی مەدەنیی کورد پاش بانگهێشتکردن دەسبەسەر کران

12:28 - 26 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاوژین و دایکی چالاکێکی مەدەنیی کورد، خەڵکی شاری سنە، پاش بانگهێشت بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی خەزەڵوەر، \"مادح فەتحی\" هاوژینی \"سەحەر کازمی\" چالاکی مەدەنیی دەسبەسەر کراوی خەڵکی شاری سنە و دایکی ناوبراو بە ناوی \"مەهوەش ئەمیری\" پاش بانگهێشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەسبەسەر کران و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە گوازرانەوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: \"دەسبەسەرکردنی هاوژین و دایکی سەحەر کازمی لە کاتێکدایە کە سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە باسی لە ئازاد کردنی کاتی ئەو چالاکە مەدەنییە کردبوو.

خەزەڵوەری ساڵی ڕابروو، مادح فەتحی هاوژینی ئەم چالاکە مەدەنییە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی سێ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە لێپرسینەوەی لەگەڵ کرابوو.

\"سەحەر کازمی\"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە کە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرابوو، هەتا ئێستا لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتدایە.

سەحەر کازمی لەم گرتووخانەیەدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە تەلەفوون و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.